دەزگای هەواڵی یۆنان ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس لە وتارێکدا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە ڕێکەوتنی یەکێتی گومرگی نێوان بڕۆکسل و تورکیا ڕابگرێت.
دەزگاکە ئەوەشی خستەڕوو دیندیاس پەیامێکی ئاڕاستەی کۆمسیاری سیاسەتی دراوسێکانی ئەوروپا ئۆلیڤەر ڤارێلی کردووە و تیایدا داوای لێدەکات یەکێتی ئەوروپا وەڵامی تورکیا بداتەوە لەسەر پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکە.
لە ئێستادا تورکیا زیاد لە پێویست کەوتۆتە ململانێکانەوە لەگەڵ یۆنان و قوبرسدا، ئەوەش لەسەر یەدەگی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.
لە مانگی هەشتدا تورکیا کەشتیەکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد بەمەبەستی دۆزینەوەی گازی سروشتی، ئەو ناوچەیەش یۆنان بە ناوچەیەکی ئاوی خۆی دەزانێت و دەڵێت باشووری دورگەی کاستیلۆریزۆی یۆنانیە.
کەشتیەکە نزیکەی مانگێک لە ناوچەکەدا مایەوە و دواتر لە سەرەتای مانگی نۆدا کشایەوە.
هەفتەی ڕابردوو ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی " ڕێوشوێنە تێکدەرە یەکلایەنەکانی " تورکیایان کرد لە دەریای ناوەڕاستدا.
یەکێتیەکە هۆشیاریشیدایە تورکیا لەسەر ئەوەی ئەگەر سیاسەتەکانی نەگۆڕێت ئەوا لە کۆبوونەوەی دواتریاندا لە مانگی دوانزە تاوتوێی سەپاندنی سزا دەکەن بەسەر ئەنقەرەدا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس