Accessibility links

یۆنان هەوڵدەدات ببێتە " پردێک " لە نێوان ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبیدا


وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس

وەزیری دەرەوەی یۆنان لە کۆتایی کۆڕبەندێکدا لە ئەسینا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبیدا وتی " یۆنان دەیەوێت ببێتە پردێک لەنێوان ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند و کەنداو و بەڵکان و ئەوروپادا."

ناونیشانی کۆبوونەوەکە " کۆڕبەندی فیلیا ( کۆڕبەندی هاوڕێیەتی) " بوو، وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس وتی " ئامانج لە کۆڕبەندەکە بونیادنانی هاوڕێیەتی و ئاشتی و خۆشگوزەرانیە لە ناوچەکەدا." نیکۆس دیندیاس هەوڵدەدات پەیوەندییەکان پتەوتر بکات بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و ئاسایشدا.

بەپێی شیکەرەوە سیاسییەکان ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان یۆنان و عەرەبەکان مەبەست لێی پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی خواستەکانی تورکیادا لە بواری سەرچاوە سروشتیەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەنددا.

هەریەک لە وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان و وەزیری دەرەوەی بەحرەین عەبدول لەتیف بن ڕاشد و وەزیری دەرەوەی قوبرس نیکۆلاس گریستۆدۆلیدس و وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری و وەزیری دەوڵەتی ئیماڕات بۆ کاروباری هاریکاری نێودەوڵەتی ڕیم هاشمی بەشدارییان لە کۆڕبەندەکەدا کرد.

بەپێی سەرچاوەیەکی وەزاری، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیانیش لەڕێی ڤیدیۆوە بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا کردووە.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری " پێشوازی لە هاریکارییە نوێیەکان کرد لەگەڵ یۆنان و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداودا لە بواری ئاسایشدا."

شوکری جەختی کردەوە لە " پێویستی پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و هەروەها سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانمان و دەستەبەرکردنی داهاتووییەکی باشتر بۆ گەلەکانمان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG