Accessibility links

بەڕێوبەری یونسێف: غوتەی سوریا بۆتە دۆزەخی سەر زەوی بۆ منداڵان


بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی یونسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان هێنریتا فۆر وتی ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵاتی گەمارۆدراوی سوریا بۆتە دۆزەختی سەر زەوی بۆ منداڵان و پێویستە بە خێرایی یارمەتیان بدرێت.

فۆر وتی " بۆمبارانکردنەکە هەرگیز ناوەستێت و قەبارەی توندوتیژییەکان مانای ئەوەیە کە منداڵان توندوتیژی و مردن دەبینن. وە ئێستا ئاو و خۆراک لەوێ کەمبۆتەوە و نەخۆشی بڵاودەبێتەوە."

ماوەی دوو هەفتەیە حکومەتی سوریا هێرشێکی توندی کردۆتە سەر غوتەی ڕۆژهەڵاتی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و دەڵێت ئەو هێرشانە پێویستن بۆ وەستاندنی بۆمباراکردنی دیمەشق لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆسیۆنەوە.

کۆمەڵەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەرکە سەربازییەکەی حکومەتی سوریا تا ئێستا زیاتر لە 900 هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 24 ی مانگی دوودا بڕیارێکی دەرکرد بۆ وەستاندنی شەڕ لە سەرتاسەری سوریادا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بەڵام سوریا و ڕوسیای هاوپەیمانی وتیان ئەو ئاگربەستە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ناگرێتەوە لە غوتەی ڕۆژهەڵات کە وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناودێریان دەکەن.

فۆر وتی " پێویستە کاروانی یارمەتییە خۆراکی و پزیشکییەکان بگەنە غوتە، کاروانەکەی پێشوو نەیتوانیوە هەموو بارەکەی دابگرێت."

ئەم شەڕەی غوتەی ڕۆژهەڵات بۆتە هۆی ئاوارەبوونی زۆرێک هاوڵاتی ناوچەکە بۆ ناوچەیەکی دیکەی گەمارۆدراو.

فۆر وتیشی " جەنگ 5.8 ملیۆن سوری بێ ماڵ و حاڵ کردووە و ئێستا یان پەنابەرن لە دەرەوە یان کۆچیان کردووە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە وڵاتەکەدا. نیوەی ئەو ژمارەیە منداڵن و ئەوانەی زیانی زیاتریان بەرکەوتووە منداڵەکانن."

وتیشی " ڕەوشەکەی غوتەی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی تایبەتی قورسە. ڕێگەی تەواومان نیە بۆ گەیشتن بە خەڵکەکە. ئەمە کاتێکی زۆر قورسە لەسەر منداڵەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG