Accessibility links

ئەفغانستان هێزی تایبەت دەنێرێت بۆ غەزنە


غەزنە

بەرپرسانی ئەفغانی هێزی تایبەتیان نارد بۆ شاری غەزنەی ناوەڕاستی ئەفغانستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی تاڵیبان کە وا خەریکە کۆنتڕۆڵی شارەکە دەکەن.

ئەم هێرشەی تاڵیبان بۆ سەر شاری غەزنە کە شوێنێکی ستراتیژییە و ڕێگەی سەرەکی نێوان کابوڵی پایتەخت و باشووری وڵاتەکەیە، زیانێکی زۆری گەیاند بە سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی و هیوای ئەگەری دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی نەهێشت.

دوای 72 کاتژمێر بە بێ هیچ لێدوانێکی ئاشکرا لە کۆشکی سەرۆکایەتییەوە سەبارەت بە هێرشەکەی تاڵیبان بۆ سەر غەزنە، سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی بەخێرایی یارمەتی بۆ شارەکە ڕەوانە دەکرێت.

بەرپرسانی ئەفغانی وتیان هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکا یارمەتی هێزەکانی ئەفغانستان دەدەن لە هەماهەنگی هێرشە ئاسمانییەکان و ئەرکە پیادەکاندا، بەڵام سوپای ئەمەریکا لە کابوڵ تا ئێستا ئەو هەواڵەی پشت ڕاست نەکردۆتەوە.

بەرپرسێکی ئاسایشی ئەفغانستان وتی نزیکەی 100 سەرباز و پۆلیس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. وتیشی زیانە گیانییەکانی تاڵیبانیش زۆرە و ئێوارەی یەکشەممە نزیکەی 50 چەکداری تاڵیبان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە کوژراون لە کاتێکدا لە چاوەڕوانی خواردنی ئێوارەدا بوون.

ژمارەی قوربانیانی مەدەنی نەزانراوە بەڵام کۆمەڵێک شایەتحاڵ کە گەیشتوونەتە کابوڵ دەڵێن لاشەیەکی زۆریان لەسەر شەقامەکان بینیوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان وتی بەلایەنی کەمەوە 15 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 400 هاوڵاتی دیکە لە پێکدادانەکاندا برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG