حکومەتی غانا وتی لانی کەم 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 59 کەسی دیکە لە ڕۆژئاوا غانا برینداربوون، ئەمەش دوای ئەوەی بارهەڵگرێک کە تەقەمەنی پێبووە و ویستوویەتی بیبات بۆ کانێک، لەڕێگادا خۆی بە ماتۆڕێکدا کێشاوە و تەقیوەتەوە.
تەقینەوەکە بووە هۆی کاولکردنی ژمارەیەک بینا لە ئاپیات لە نزیک شاری بۆگۆسۆ، کە دەکەوێتە 300 کیلۆمەتر ڕۆژئاوا ئاکرای پایتەختی غانا کە دەوڵەمەندە بە کانزای سروشتی.
وەزیری ڕاگەیاندنی غانا کۆجۆ ئۆپۆنگ نکروما لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەداخەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 59 کەسی دیکە برینداربوون و ڕزگارکراون."
وەزیرەکە وتی ئاماژە سەرەتاییەکان دەریدەخەن " ڕووداوێکی هاوتوچۆ لەنێوان ماتۆڕێک و ئوتومبێلێک و بارهەڵگرێکدا ڕوویداوە کە بارهەڵگرەکە تەقەمەنی پێبووە و بردوویەتی بۆ کۆمپانیایەکی کانە کانزاییەکان."
وتیشی لەکۆی ئەو 59 کەسەی برینداربوون 42 کەسیان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستیەکان چارەسەر وەردەرگرن و هەندێکیان " لە بارودۆخێکی خراپدان."
غانا لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست تەقینەوەی کوشندەوە ناڵاندوویەتی، کە هۆکاری تەقینەوەکان ڕووداوی سوتەمەنی بووە.
لە ساڵی 2017 دا کاتێک تانکەرێک کە گازی سروشتی پێبوو لە ئاکرا ئاگری تێبەربوو، لانی کەم سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکە برینداربوون، ئەوەش بووە هۆی تەقینەوەی دوو بەنزینخانە.
لە مانگی شەشی ڕابردووشدا بەهۆی ڕووخانی کانێکی نایاساییەوە لە باکووری غانا لانی کەم نۆ کەس گیانیان لەدەستدا.
لە مانگی شەشی ساڵی 2015 دا بەهۆی باران بارینێکی زۆر و لافاوەوە بەنزینخانەیەک لە پایتەختی غانا گڕی تێبەربوو و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا