Accessibility links

ئەڵمانیا: پلانەکانی ترامپ سەبارەت بە ئێران وا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات لە ڕوسیا و چین نزیک ببێتەوە


ئەڵمانیا ڕایگەیاند بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بەوەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بێتە دەرەوە گرژییەک دروست دەکات لەنێوان ئەوروپا و ئەمەریکادا و ئەوروپییەکان لە ڕوسیا و چین نزیک دەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سیگمار گابرێل چەند جارێک ڕەخنەی لەو بڕیارە گرتووە کە واچاوەڕواندەکرێت سەرۆک ترامپ بیدات، بەڵام نوێترین لێدوانی سیگمار بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەرەنجامەکانی ئەو بڕیارە دەخاتە ڕوو.

گابرێل بە کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانیا ئاڕ ئێن دی وت " دەبێت ئەوروپا یەک بێت لەم بابەتەدا، دەبێت بە ئەمەریکاییەکان بڵێین ڕەفتارەکانتان لەبەرامبەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا ئێمە بەرەو ئەوە دەبات هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت لەگەڵ ڕوسیا و چیندا لەدژی ئەمەریکا."

کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی ستراتیژییە نوێیەکەی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت بەرامبەر ئێران و ئەو گەواهیدانە پابەند نەبوونی ئێرانیشی تێدایە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 وە کە سەرۆکی ئەمەریکا بە خراپترین ڕێکەوتن ناوی بردبوو.

بەرپرسە ئەمەریکی و ئەوروپییەکان و سیاسەتمەدارانی باڵای ئەمەریکا بە سەرۆک ترامپیان وتووە کە ئەگەر ڕێکەوتنەکە ڕەت بکاتەوە ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمەریکا بە تەنها بمێنێتەوە و ئێران دەخاتە پێگەیەکی سیاسی باشترەوە و لە کۆتاییدا هەڕەشە دەبێت بۆ سەر لەناوچوونی ڕێکەوتنەکە.

هەروەها دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی چەند جارێک پابەندبوونی ئێرانی بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە ڕاگەیاندووە بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی کە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕوسیا و چین و یەکێتی ئەوروپا و ئێراندا ئەنجامدراوە بۆ وەستاندنی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران و لەبەرامبەردا سزاکانی سەر ئێران لادەبرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG