Accessibility links

چوار ویلایەتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکەن بۆ ڕاگرتنی پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا


سیناتۆری ئەمەریکی میت ڕۆمنی
سیناتۆری ئەمەریکی میت ڕۆمنی

سەرۆک حکومەتەکانی چوار ویلایەتی ئەڵمانیا پێشوازییان لە هەوڵەکانی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد بۆ ڕاگرتنی پلانی کشاندنەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا.

مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند نزیکەی 9,500 سەربازی ئەمەریکی لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ شکستهێنانی ئەڵمانیا لە پابەندبوونی بە بەرپرسیارێتیە داراییە بەرگرییەکانیەوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و تۆمەتباری کرد بەوەی لەڕووی بازرگانییەوە سوود لە ئەمەریکا دەبینێت.

سەرۆک حکومەتەکانی چوار ویلایەتەکەی ئەڵمانیا کە بنکە سەربازییە ئەمەریکییەکانیان تێدایە پەیامێکیان ئاڕاستەی ئەو 13 ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە لە هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی پلانەکە، لەنێو ئەو ئەو ئەندامانەشدا سیناتۆر میت ڕۆمنی و جیم ئینهۆفیان تێدایە.

لە پەیامەکەیاندا هەریەک لە سەرۆکی حکومەتەکانی ویلایەتی باڤاریا و هسە و بادن- فێرمبێرگ و ڕاینلاند- بالاتینێت دەڵێن " لەبەر ئەوە ئێمە داواتان لێدەکەین پشتیوانمان بن و نامانەوێت پەیوەندییە هاوڕێیەتیەکەی نێوانمان بپچڕین، بەڵکو دەمانەوێت پتەوتری بکەین و بوونی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا و ئەوروپا بپارێزین."

مانگی ڕابردوو واشنتن وتی " ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر بەرپەرچی ڕوسیا بدەینەوە و هاوپەیمانێتی ناتۆ بەهێزتر دەکات و دڵنیاییکردنەوەی هاوپەیمانەکانیشمانە."

سەرۆک حکومەتەکانی چوار ویلایەتەکەی ئەڵمانیا دەڵێن هێزەکانی ئەمەریکا لە ویلایەتەکانیاندا " بڕبڕەی پشتی هێزەکانی ئەمەریکان لە سەرانسەری ئەوروپادا و هەروەها بڕبڕەی پشتی تواناکانی هاوپەیمانێتی ناتۆشە بۆ جووڵەکردن دژی هەر دوژمنکارییەک."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG