Accessibility links

ئەڵمانیا چاوەڕێی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپە سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سیگمار گابرێل

ئەڵمانیا هەست بە نیگەرانی دەکات لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پابەند نەبوونی خۆی بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێرانەوە ڕابگەیەنێت و دەترسێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سیگمار گابرێل وتی ئەڵمانیا ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکادا کار بکات بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بەڵام " نایەوێت ئەم ڕێکەوتنە هیچ زیانێکی بەربکەوێت."

لە بەرلین سیگمار بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاوەڕێی بڕیارەکەی ئەمەریکا دەکەین."

وتیشی " داوا لە کۆشکی سپی دەکەین گومان لەم دەستکەوتە گرنگە نەکات کە ئەمن و ئاسایشی زیاد کردووین." ئەوەش وەکوو ئاماژەیەک بوو بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 کە لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرا کە ئەو کاتە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا بوو.

سیگمار بەردەوام بوو لە لێدوانەکانی و وتی " یارمەتی خۆمان پێشکەش دەکەین بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەڵمانیا ئامادەیە ئەوە بکات بەڵام نەک لەسەر حسابی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."

واچاوەڕواندەکرێت سەرۆک ترامپ پابەند نەبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییە مێژووییەکەوە ڕابگەیەنێت کە لەنێوان بەڕیتانیا و چین و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕوسیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادا واژۆ کراوە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەیی و کۆمپانیاکانی ئەمەریکا ڕاوێژی دەکەن کە پارێزگاری لە ڕێکەوتنەکە بکات.

ئەگەر سەرۆک ترامپ بڵێت ئێران پابەند نیە بە ڕێکەوتنەکەوە ئەوا کۆنگرێس 60 ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی بڕیار بدات سزاکان بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا کە پێشتر بەهۆی ڕێکەوتنەکەوە سزاکانی لەسەر لابراوە و لە بەرامبەردا ئێران دەبێت چالاکییە ناوەکییەکانی بوەستێنێت.

وە ئەگەر کۆنگرێسیش ئەم هەنگاوەی نەنا ئەوا ڕێکەوتنەکە نزیک دەبێتەوە لە هەڵوەشاندنەوە ئەگەر هاتوو واشنتن و تاران ڕێوشوێنی توند بگرنە بەر دژی یەکتری.

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە ئێران پابەندە بە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە.

سیگمار گابرێل وتی ڕێکەوتنەکە سەرکەوتنێکی سیاسیی گەورەیە، ڕێگەی لە ئێران گرتووە لە پەرەپێدانی چەکی ناوەکی و کەمکردنەوەی ناکۆکیە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل.

وتیشی " هەست بە نیگەرانی دەکەم ، بەپێی ئەو ئاماژانە بێت کە لە ئەمەریکاوە دەردەچن ، سەرۆک ترامپ لەوانەیە پابەند نەبێت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە. ئەمەش دژی ڕای هەموو ئەو وڵاتە ئەوروپیانەیە کە بەشداریان کردووە لە ڕێکەوتنەکەدا بە یەکێتی ئەوروپاشەوە."

هەروەها گابرێل ئاماژەشی بەوەدا لەمدواییانەدا بە هاوتا ئەمەریکییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسنی ڕاگەیاندووە کە بەرژەوەندییە ئەمنیەکانی ئەوروپا دەکەونە مەترسییەوە ئەگەر بێت و ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نەمێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG