Accessibility links

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەدات پێدەچێت هێز ڕەوانەی لیتوانیا بکات


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ئاماژەی بەوەدا کراوەیە سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێزی زیاتری ئەڵمانیا بۆ لیتوانیا، ئەوەش بەمەبەستی پتەوکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و وەکو وەڵامێکیش بۆ زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانیکرد 3000 سەربازی ئەمەریکی ڕەوانەی دوو وڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکرێن لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەوانیش پۆڵەندا و ڕۆمانیا بوون. پێشتریش بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا گەیشتنە بنکەیەکی سەربازیی لە پۆڵەندا، لەنزیک سنووری ئۆکرانیا.

شۆڵز بەر لە گەشتەکەی بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا، وتی " ئامادەین هەموو ئەو شتانە بکەین کە پێویستن بۆ پتەوکردنی گروپە شەڕکەرەکان کە لە لیتوانیادا بوونیان هەیە و ئەڵمانیا ڕابەرایەتیان دەکات."

وتیشی ئەو بابەتە لەگەڵ ڕابەرانی سێ وڵاتەکەی باڵتیکدا باس دەکات کە وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو سەردانی بەرلین بکەن و لەگەڵ شۆڵزدا کۆببنەوە.

بەڵام دووبارە ڕەوانەکردنی چەکی بۆ ئۆکرانیا ڕەت کردەوە و وتی سیاسەتی ئەڵمانیا ئەوەیە و چەک ڕەوانەی ئەو ناوچانە ناکات کە ململانێیان تێدایە.

هاوپەیمانێتی ناتۆ یەکە سەربازییە نێودەوڵەتیەکانی ڕەوانەی پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا و ئێستۆنیا کردووە و نزیکەی 5,000 سەرباز دەبن، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ لەخۆگرتنی نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیا لە ساڵی 2014 دا لەلایەن ڕووسیاوە.

شۆڵز وتی بەرەوپێشچوونێکی بینیوە لە قەیرانەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیادا، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیاوە بووە، یاخود بەهۆی گفتوگۆکانی چوار وڵاتەکەی ڕێکەوتنی نۆرماندییەوە بووە کە هەریەک لە ئەڵمانیا و ڕووسیا و فەڕەنسا بەڕیتانیا لەخۆدەگرێت، ئامانج لەو ڕێکەوتنەش ڕاگرتنی ململانێکانی نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە کە ڕووسیا پشتیوانیان لێدەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG