Accessibility links

ئاڵمان: له‌ به‌رانبه‌ر کرده‌وه‌کانی تورکیا بێ هه‌ڵوێست نابین


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان، زیگمار گابریه‌ل له‌ ماوه‌ی کونفڕانێک له‌ بێرلێن، 20ی جولای 2017

زیگمار گابریێل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان، له نامه‌یه‌کی سه‌رئاوه‌ڵا بۆ سێ ملیۆن ئاڵمانی تۆرک جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردوه‌ته‌وه که ئه‌م تۆرکانه ئاڵمانین و نابێت خۆیان جیاواز له ئاڵمانیه‌کانی تر ببینن.

ئه‌م نامه‌یه له کاتێکدا ناکۆکی نێوان ئاڵمان و تورکیا ڕوو له به‌رزبوونه‌وه‌یه له ڕۆژنامه‌ی بیلددا بڵاوبوه‌ته‌وه.

ئاغای گابریێل له‌م نامه‌یه‌دا ئاڵمانیه‌ به ڕه‌گه‌ز تۆرکه‌کان دڵنیایی داوته‌وه که ئاڵمان له هه‌وڵه‌کانی خۆیدا بۆ درووست کردنی پێوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ تورکیا به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام ناتوانێت له به‌رانبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رکردنی چه‌ند هاووڵاتی ئاڵمانی له تورکیا بێ هه‌ڵوێست بمێنێته‌وه‌.

جێگای ئاماژه‌یه که حکوومه‌تی ئاڵمان ڕۆژی پێنجشه‌ممه به وڵاتیانی ئاڵمانی بۆ سه‌فه‌ر کردنیان بۆ تورکیا هۆشداریدا و داوای لێکردن له کاتی سه‌فه‌ری کاری یان گه‌شتیاری بۆ تورکیا به هوشیاریه‌وه هه‌ڵس‌و‌که‌وت بکه‌ن و نێو و نیشانی خۆیان به باڵوێزخانه و یان قۆنسولخانه‌کانی ئاڵمان له تورکیا ڕابگه‌یێنن.

به‌رپرسانی ئاڵمانی به شێوازێکی ناڕاسته‌وخۆ ڕایانگه‌یاندوه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له کاردانه‌وه به‌رانبه‌ر به ده‌ستبه‌سه‌رکردنی چه‌ند هاووڵاتی ئاڵمانی له تورکیا، ئاڵمان گه‌مارۆی دیاریکراوی ئابووری بخاته سه‌ر تورکیا.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان پێشتریش به بازه‌رگانه ئاڵمانیه‌کان هۆشداریدا بوو ئه‌گه‌ر بچنه تورکیا له مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌رکردنی نایاسایدان.

له به‌رانبه‌ردا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت هه‌ڕه‌شه‌کانی ئاڵمان تورکیا ناترسێنێت و ئاڵمان ده‌بێت خۆی کۆ بکاته‌وه.

XS
SM
MD
LG