Accessibility links

ئەڵمانیا فشارە داراییەکان لەسەر تورکیا زیاد دەکات


ئەڵمانیا هۆشیاری هاوڵاتیانیدا کە ئاگادار بن کاتێک گەشت دەکەن بۆ تورکیا و هەڕەشەی لە تورکیاش کرد کە بەربەست دەخاتە بەردەم وەبەرهێنانەکانی ئەڵمانیا لە تورکیا و ئەمەش دوای ئەوە هات تورکیا شەش چالاکەوانی مافی مرۆڤی دەستگیرکرد و لەنێویاندا چالاکەوانێکی ئەڵمانی تێدایە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سیگمار گابرێل سەبارەت بە گەشتکردن بۆ تورکیا هۆشیاریدا و وتی " قورسە بۆ ئەڵمانیا پێشبینی بڕیارەکانی ئەردۆگان بکات و لەوانەیە کار بکاتە سەرهەموو کەسێک، سەیرترین شت دەکرێن ڕووبدەن."

شایەنی باسە گابرێل پشووی هاوینەی خۆی بڕی و گەڕایەوە بۆ بەرلین هەتاکوو مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا بکات دوای ئەوەی تورکیا شەش چالاکەوانی بەرگریکاری مافی مرۆڤی دەستگیرکرد و لەنێویشیاندا ئەڵمانیەکی تێدایە بە ناوی پیتەر شتیودتنەر و بە تۆمەتی تیرۆریست تۆمەتباری کردوون، ئەمەش لەدوایین ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا دێت، ئەڵمانیا، گەورەترین هاوبەشی تورکیا لە هەناردەکردندا وتی دەستگیرکردنی چالاکەوانەکان لەلایەن تورکیاوە شتێکی بێ مانایە.

گابرێڵ بە زمانێکی ڕاستەوخۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێویستە سیاسەتەکانمان بەرامبەر تورکیا بە ئاڕاستەیەکی نوێدا بەرین، ناتوانین وەکو ئێستا بەردەوام بین، دەبێت ڕوونتر بین لەوەی کە تا ئێستا بووین بۆ ئەوەی بەرپرسەکانی ئەنقەرە تێبگەن کە لەم جۆرە سیاسەتانە بە بێ سزا تێپەڕ نابن."

شایەنی باسە تورکیا ئەڵمانیا بەوە تۆمەتبار دەکات ئەڵمانیا پشتیوانی لە فەتحوڵلا گولەن دەکات کە لە ئەمەریکا دەژی و هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی ڕابردووی تورکیای دا، هەروەها ئەڵمانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی داڵدەی ئەو تیرۆریستانە دەداتەوە کە لەدژی تورکیا هەستاون لەنێویاندا ئەو ئەفسەرانەی سوپای تورکیا کە داوای مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا کردووە.

ئیبراهیم کالینی وتەبێژی فەڕمی ئەردۆگان وتی لێدوانەکانی گابرێل بۆ ئەوەیە دەنگەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت کە لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن دەکرێت لە وڵاتەکەیدا.

ئاگادارییەکانی گابرێل بۆ هەموو گەشتیارانی کار و هۆکاری تایبەتی گورزەیەکی گەورە دەدات لە بەشی گەشتیاری تورکیا، لەمساڵدا لە سەدا 10 ی ئەو کەسانەی گەشتیان کردووە بۆ تورکیا لە ئەڵمانیاوە هاتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG