وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سیگمار گابرێل وتی بڕیارەکەی تورکیا بۆ ئازادکردنی چالاکەوانێکی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ ئاماژەیەکە بۆ باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی ئەندام لە ناتۆدا و وتیشی وڵاتەکەی ئازادی دەوێت بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی کە لە تورکیا زیندانی کراون.
چالاکەوانی ئەڵمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ پیتەر ستودنەر شەوی چوارشەممە ئازادکرا و یەکێکە لەو 12 ئەڵمانییەی کە ڕەگەزنامەی تورکیان هەیە و لە مانگەکانی ڕابردوودا لەلایەن کاربەدەستانی ئەڵمانییەوە دەستگیرکران و ئەوەش بووە هۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا، ئەڵمانیاش ڕەخنەی توندی لە تورکیا گرت لەسەر ئەو دەستگیرکردنە بە کۆمەڵیانەی کە لە تورکیا ڕوویدا دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی ڕابردووی تورکیا.
گابرێل بە گۆڤاری دیر شبیگڵی وت " ئەمە یەکەم نیشانەی باشبوونی پەیوەندییەکانە چونکە تورکیا پابەند بوو بە هەموو بەرپرسیارێتییەکانەوە لە دۆسییەی ستودنەردا." وتیشی ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا گێرهارد شرودەر نێوەندگیری کردووە لە ئازادکردنەکەیدا.
گۆڤارەکە ئاماژەشی بەوەدا شرودەر 25 ی مانگی 9 چووە بۆ تورکیا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسییەی دەستگیرکراوە ئەڵمانییەکان لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا.
گابرێل وتی " ئێستا دەبێت کاربکەین بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی دیکە."
هێشتا 11 ئەڵمانی دەستگیرکراو ماون و چواریان ڕەگەزنامەی تورکیان هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز