Accessibility links

ئەڵمانیا هۆشیاری دەداتە تورکیا لەسەر ڕێوشوێنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس داوای لە تورکیا کرد سنوورێک بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئارامی و کارە وروژێنەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دابنێت، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا کەشتیەکی دیکەی ڕەوانەی دەریاکە کرد بەمەبەستی گەڕان بەدوای گازی سروشتیدا.

ماس کە بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەم بابەتە سەردانی یۆنان و قوبرس دەکات لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەگەر بەڕاستی تورکیا دەست بکات بە گەڕان بەدوای گازی سروشتیدا لەو ناوچە دەریاییانەی کە ناکۆکییان لەسەرە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی دووبارە شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."

ماس وتیشی " ئەگەر حکومەتی تورکیا گرنگی بە دانوستان دەدات ئەوادەبێت ئەنقەرە کۆتایی بە کارە وروژێنەر و تێکدەرەکانی بهێنێت."

ڕۆژی دوشەممە تورکیا ڕایگەیاند دووبارە کەشتی عروج ڕیس ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات بۆ گەڕان بەدوای گازی سروشتیدا، بەم کارەشی گرژییەکانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس دووبارە نوێکردەوە.

ماس ئەوەشی خستەڕوو وڵاتەکە بە هەریەک لە یۆنان و قوبرسی ڕاگەیاندووە کە ئەڵمانیا تەواو پاڵپشتیان لێدەکات و داواشی لە تورکیا کرد چیتر گفتوگۆکان لەگەڵ یۆنان تێک نەداتەوە " بەو ڕێوشوێنە یەکلایەنانەی کە دەیگرێتەبەر."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG