Accessibility links

ئەڵمانیا سیاسەتی خۆی دەگۆڕێت و چەکی بەرگری دەدات بە ئۆکرانیا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت وڵاتەکە موشەکی دژە تانک و موشەکی زەوی بۆ ئاسمان و تەقەمەنی دەدات بە ئۆکرانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر ئەڵمانیا ڕەتی دەکردەوە چەک بدات بە ئۆکرانیا، ئەمەش لەکاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا.

دوای ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لەسەر ئەوەی ڕەوانەکردنی چەکی بۆ ئۆکرانیا ڕەت دەکردەوە، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی بەرلین 1000 موشەکی دژە تانک و 500 موشەکی ستینگەری زەوی بۆ ئاسمان ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

شۆڵز وتی " داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە خاڵێکی گۆڕانکارییە. ئەرکی خۆمانە تەواوی هەوڵی خۆمان بدەین بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا لە بەرگریکردن لە خۆی دژی سوپا داگیرکەرەکەی پوتندا."

بەرلین گەیاندنی 400 ئاڕ پی جیشی لە هۆڵەنداوە بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، هەروەها داواکەی ئیستۆنیاشی پەسەند کرد بۆ ڕەوانەکردنی هاویتزەرە کۆنەکانی جی دی ئاڕ بۆ ئۆکرانیا.

ماوەیەکی زۆرە ئەڵمانیا پەیڕەوی یاسای ڕەوانە نەکردنی چەک دەکات بۆ ئەو ناوچانەی جەنگییان تێدایە. ئەو وڵاتانەشی کە بیانەوێت چەکی ئەڵمانی ڕەوانەی شوێنێکی دیکە بکەن، دەبێت سەرەتا داوای مۆڵەت لە ئەڵمانیا بکەن.

لەم هەفتانەی ڕابردوودا شۆڵز چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە کە ڕەوانەکردنی چەکی کوشندە بۆ ئۆکرانیا ڕەت دەکاتەوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی پێشوازی لە بڕیارەکەی شۆڵز کرد.

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا لە ماوەی ڕابردوودا داوای لە بەرلین کرد بچێتە پاڵ هۆڵەندا و موشەکی ستینگەر و موشەکی بەرگری بدات بە ئۆکرانیا.

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا ئاندری مێلنیک بە ڕۆیتەرزی وت " لە کۆتاییدا کاتی ئەوەیە یارمەتیمان بدەن."

وتی " پێویستمان بە بەرگری ئاسمانی و ناوچەی دژە فڕین هەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG