Accessibility links

ئەڵمانیا بەنیازە پڕۆسەی ناردنەوەی سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان دەست پێبکاتەوە


دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 دا ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرە سورییەکانی وەرگرت کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە هەڵهاتبوون، ئەمڕۆ بەنیازە ئەو هاوڵاتیە سورییانە ڕەوانەی سوریا بکاتەوە کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان تۆمەتبار کراون و بە مەترسیدار دادەنرێن.

تاوەکو ڕۆژی هەینی، واپێشبینی دەکرێت وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست سیهۆڤەر کە پشتیوانی لە ناردنەوەی سورییەکان دەکات و سەر بە حیزبەکەی ڕاوێژکاری وڵاتەکە ئانگێلا مێرکڵە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانی لە 16 ویلایەتەکەی ئەڵمانیا بڕیارێک دەربکەن.

لە ساڵی 2012 دا ئەڵمانیا پڕۆسەی ناردنەوەی سورییەکانی بۆ وڵاتی خۆیان ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی شەڕ و ململانێکانی ناو سوریاوە کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 380,000 کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.

بەڵام وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست سیهۆڤەر لە ئێستادا هیوادارە هەڵسەنگاندنێک بکرێت " بۆ هەر حاڵەتێک، لانی کەم بۆ تاوانباران و ئەوانەی کە بە مەترسیدار دادەنرێن."

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئەم پڕۆسەیە وەکو پەیامێک سەیر دەکات بۆ ئەو سورییانەی کە تاوان ئەنجام دەدەن یاخود ئاسایشی ئەڵمانیا دەخەنە مەترسییەوە، دەڵێت " ئەم جۆرە کارانە وای لێکردوون مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا نەمێنێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG