Accessibility links

دوای داواکەی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا 50 کۆچبەر وەردەگرێت


حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند لە کۆی 450 کۆچبەر کە ئیتاڵیا لە بەلەمێکدا ڕزگاریکردوون لە دەریای ناوەڕاستدا 50 کۆچبەر وەردەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئیتاڵیا داوای لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا کرد بەشدار بن لەم بەرپرسیارێتییە.

هەریەک لە فەڕەنسا و ماڵتا ڕازیبوون 50 کۆچبەر وەربگرن دوای ئەوەی کەشتییەکی سەر بە دەزگای سنووری ئەوروپا فڕۆنتێکس و کەشتیەکەی سەر بە گومرگی ئیتاڵیا توانیان کۆچبەرەکان لە نزیک دوورگەی لینۆزا ڕزگار بکەن.

واپێشبینی دەکرێت وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا هەمان هەنگاوی ئەو سێ وڵاتە بنێن دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆزێپی کۆنتی لە پەیامێکدا داوای لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کرد بەشدار بن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی وەرگرتنی کۆچبەران کە لە لیبیاوە هاتوون بۆ ئیتاڵیا.

وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا وتی " لە میانەی کۆبوونەوەکاندا بەمەبەستی زیادکردنی هاریکارییەکان سەبارەت بە کۆچ، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەڵمانیا 50 کۆچبەر لەم حاڵەتەدا وەربگرێت."

جێی ئاماژەیە ماڵتا پێشتر ڕەتی کردبۆوە گوێ لە داواکارییەکانی ئیتاڵیا بگرێت بەڵام ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئامادەیە 50 کۆچبەر وەربگرێت. سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی فەڕەنساش ڕازی بووە بە وەرگرتنی 50 کۆچبەری دیکە.

بەڵام کۆماری چیک داواکەی ڕەت کردەوە. سەرۆک وەزیری چیک ئاندریە بابیس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی وڵاتەکەی هیچ کۆچبەرێک لە 450 کۆچبەرەکە وەرناگرێت. هەروەها وتیشی ئەم بەرنامەیەی ئیتاڵیا ڕێگەیەکە بەرەو دۆزەخ.

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ناکرێت پەنابەرەکان ڕەوانەی ئەو شوێنانە بکرێنەوە کە لێوەی هاتوون و ژیانیان لە مەترسیدابووە. نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا لیبیا بە شوێنێکی مەترسیدار ناودێر دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG