Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت بوونی سەربازی خۆی لە ئیندۆ پاسێفیک زیاتر دەکات


سەرکردەی بەرگری ئەڵمانیا جەنەڕاڵ ئیبەرهارد زۆرن
سەرکردەی بەرگری ئەڵمانیا جەنەڕاڵ ئیبەرهارد زۆرن

سەرکردەی بەرگری ئەڵمانیا دەڵێت ئەڵمانیا بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک زیاتر دەکات، ئەوەش لەڕێی ڕەوانەکردنی کەشتی جەنگی زیاتر و ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هاوپەیماناندا، لەکاتێکدا کە چاوی لەسەر زیادبوونی " بەرچاوی " توانای هێزە چەکدارەکانی چینە.

بەهۆی زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چینەوە لە ناوچەکەدا، ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا خۆی لە ناوچەکەدا دەردەخات.

ساڵی ڕابردوو ئەڵمانیا دوای بیست ساڵ بۆ یەکەمین جار یەکەمین کەشتی جەنگی خۆی ڕەوانەی ناوچە ئاوییە جێناکۆکیی لەسەرەکانی دەریای باشووری چین کرد، لەم مانگەشدا 13 فڕۆکەی سەربازیی ڕەوانەی ئوستڕاڵیا کرد بە مەبەستی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی هاوبەش.

سەرکردەی بەرگری ئەڵمانیا جەنەڕاڵ ئیبەرهارد زۆرن بە ڕۆیتەرزی گوت سوپای وڵاتەکە بەنیازە ساڵی داهاتوو هێزی زیاتر ڕەوانەی ئوستڕاڵیا بکات بۆ ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی هاوبەش، هاوکات هێزی دەریایی وڵاتەکە لە ساڵی 2024 دا کۆمەڵێک کەشتی دیکە ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.

زۆرن لە چاوپێکەوتنێکیدا لە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا گوتی " بەم شێوەیە دەمانەوێت بوونی خۆمان لە ناوچەکەدا زیاتر بکەین."

لە ساڵی 2020 دا ئەڵمانیا ستراتیژییەکی نوێی بۆ ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک ڕاگەیاند کە تیایدا سەنگ خرابووە سەر پتەوکردنی هاوپەیمانێتیەکانی لەگەڵ وڵاتە دیموکراتخوازەکانی ناوچەکەدا. لە مانگی دوودا و دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز بەڵێنی زیادکردنێکی بەرچاویدا لە خەرجی سەربازیی وڵاتەکەدا.

گرژییەکان لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک زیادییان کردووە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە چین گەورەترین مەشقی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا کە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەڵمانیا کەشتی جەنگی دەنێرێت بە تەنگەی تایواندا تێپەڕ ببێت وەکو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا، زۆرن وتی ئەوە بابەتێکی هەستیارە و دەبێت لە بەرزترین ئاستی سیاسییدا بڕیاری لەسەر بدرێت.

گوتی " نامانەوێت بەهۆی بوونمانە هیچ کەسێک بوروژێنین، زیاتر دەمانەوێت نیشانەیەکی بەهێزی هاوسۆزی بۆ هاوپەیمانەکانمان پیشان بدەین. ئێمە لەپاڵ ئازادی هاتوچۆی دەریایی و پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەوەستین."

زۆرن گوتی ڕۆژێک لە ڕۆژان توانای سەربازیی چین تەنها لە ژمارەی سەربازەکانیدا بوو، بەڵام ئێستا هێزە چەکدارەکانی چین تەکنەلۆجیایان دەستکەوتووە و کەلوپەلی سەربازیی باشییان هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG