Accessibility links

ئەڵمانیا: حەفتەر پابەندە بە ئاگربەستەوە لە لیبیا


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس و ڕابەری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا خەلیفە حەفتەر

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی سەرکردەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا خەلیفە حەفتەر پابەندە بە ئاگربەستەوە.

دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس بۆ شاری بەنغازی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە زاری ماسەوە بڵاویکردەوە حەفتەریش ئامادەیە بەشداری لە کۆنگرەکەی بەرلیندا بکات کە ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی تاوتوێکردنی ململانێکانی لیبیایە.

ئەم لێدوانەی ماس دوای هەوڵە شکستخواردووەکانی ڕوسیا و تورکیا دێت کە نەیانتوانی حەفتەر ڕازی بکەن ئاگربەستە هەمیشەییەکە واژۆ بکات و هێرشەکانی بۆ سەر تەڕابلسی پایتەختی لیبیا ڕابگرێت. حەفتەر بەبێ ئەوەی ڕێکەوتنی ئاگربەست واژۆ بکات مۆسکۆی بەجێهێشت.

ماوەی نۆ مانگە شەڕی نێوان حکومەتی لیبیا و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر بەردەوامە. خەلیفە حەفتەر ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە و هەوڵدەدات تەڕابلسی پایتەختیش کۆنتڕۆڵ بکات.

ڕۆژی یەکشەممە ئەڵمانیا میوانداری کۆنگرەیەک دەکات کە هەریەک لە حکومەتی لیبیا و خەلیفە حەفتەر و وڵاتانی بیانی بەشداری تێدا دەکەن، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ کۆتای هێنان بە جەنگ لە لیبیا و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لەو وڵاتەدا.

ماس ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی ڕۆژهەڵاتی لیبیای کرد بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆنگرەکەی بەرلین.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی " لیوا حەفتەر ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدان لە سەرخستنی کۆنگرەکەی بەرلین سەبارەت بە لیبیا و ئامادەیە بەشداری بکات. هەروەها پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەستەکەی ئێستاوە دووپات کردۆتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG