Accessibility links

مێرکڵ داوا دەکات بەرپەرچی بەرنامە دوژمنکارییەکانی ئێران بدرێتەوە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی وڵاتانی ئەوروپی نیگەرانن لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکیەکەی ئێران و داوای دوۆزینەوەی چارەسەرێکی کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی بەرنامە دوژمنکارییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پاشای ئەردەن پاشا عەبدوڵای دووەم لە عەمان، مێرکڵ وتی " ناکرێت بەس گفتوگۆ لەسەر بەرنامە دوژمنکارییەکانی ئێران بکەین بەڵکو پێویستمان بە چارەسەری خێرایە." هەروەها ڕاشیگەیاند 384 ملیۆن یۆرۆ لەمساڵدا وەکو یارمەتی بۆ ئەردەن تەرخان دەکات.

جێی ئاماژەیە هێشتا ئەڵمانیا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا ماوەتەوە، کە بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران لەبەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئەو وڵاتە، سەرەڕای کشانەوەی ئەمەریکا لەو ڕێکەوتنە.

مێرکڵ ڕۆژی پێنجشەممە وتی حەز دەکات وڵاتە ئەوروپییەکان ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بپارێزن چونکە نیگەرانە لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکیەکەی ئێران و بوونی تاران لە سوریادا و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە جەنگی ناوخۆی یەمەندا.

وتیشی وەکو ئەردەن نیگەرانە لە چالاکیەکانی ئێران لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا کە ئێستا سوپای سوریا هێرشێکی توندی کردۆتە سەر ئەو ناوچەیە لەنزیک سنووری ئەردەن و بەرزایییەکانی گۆلان.

وتی " ئێوە تەنها ڕووبەڕووی ململانێکانی سوریا نەبوونەتەوە ئێمەش چالاکییەکانی ئێران دەبینین کاتێک باس لە ئاسایشی ئیسڕائیل و سنووری ئەردەن دەکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG