Accessibility links

مێرکڵ دەڵێت ئەڵمانیا پشتیوانی لە ئیتاڵیا دەکات لە کێشەی پەنابەراندا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی بەرلین حەز دەکات پشتیوانی لە ئیتاڵیا بکات لە هەوڵەکانیدا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران کە دەگەنە کەناراوەکانی، ئەوەش لەمیانەی داواکاندا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا.

زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵدەدەن بگەنە ئەوروپا لە ئەفریقاوە دێن و ڕێی دەریایی لە لیبیاوە دەگرنەبەر بۆ ئیتاڵیا، بەڵام ساڵی ڕابردوو ژمارەی کۆچبەران لەڕێی مەغریبەوە بۆ ئیسپانیا زیادی کرد.

مێرکڵ بەر لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆزێپی کۆنتی لە بەرلین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر پەنابەر وەردەگرێت بەهۆی ئەوەوە کە یەکەمین وڵاتە پەنابەران پێی دەگەن."

وتی " دەمانەوێت پشتیوانی لە ئیتاڵیا بکەین لە بانگهێشتەکەیدا بۆ هەماهەنگی و هیوادارین ئەوانی دیکەش لە ئەڵمانیا تێبگەن سەبارەت بە هەماهەنگی لە ئەوروپادا لەبارەی بابەتی کۆچەوە."

مێرکڵ وتی گفتوگۆکانی لەگەڵ کۆنتی و ڕابەرانی دیکەی ئەوروپادا لە هەفتەکانی داهاتوودا سەنگ دەخاتە سەر بابەتی چۆنێتی ئەوەی ئەوروپا بتوانێت حکومەتێکی جێگیر لە لیبیا دروست بکات و چۆن بتوانێت پاسەوانەکانی کەناراوەکان باشتر مەشق پێبکات.

کۆنتی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ مێرکڵ وتی یەکێتی ئەوروپا دەبێت هەڵوێستی بگۆڕێت سەبارەت بە کۆچ. وتیشی" ئەڵمانیاش ئاگاداری ئەم بابەتەیە."

وتیشی ئیتاڵیا دەیەوێت دەستکاری یاساکانی ڕێکخستنی پێدانی مافی پەنابەرێتی لە یەکێتی ئەوروپادا بکرێت لەپێناو تێگەیشتنێکی نوێ، بەشێوەیەک کە هەر کەسێک پێی خستە ناو ئیتاڵیاوە پێی خستبێتە ناو ئەوروپاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG