Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: ئەڵمانیا پابەندە بە یارمەتیدان لە دووبارە بنیادنانەوەی عێراقدا


وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لیین
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لیین

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لیین وتی هێزی ئەڵمانیا بۆ ماوەیەکی زۆر لە عێراق دەمێننەوە بەمەبەستی یارمەتیدان لە دووبارە بنیادنانەوەی سوپای وڵاتەکەدا کە هەوڵێکی زۆر دەدەن نە‌هێڵن جارێکی دیکە ڕێکخراوی داعش ڕیزەکانی یەکبخاتەوە.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ لای هێزەکانی ئەڵمانیا لە بنکەی سەربازی ئەلتاجی کە دەکەوێتە 30 کیلۆمەتر باکووری بەغدادەوە، وتی ئەڵمانیا کە ئێستا 125 سەربازیی لە عێراقدا بڵاوکردۆتەوە پابەندە بە یارمەتیدانی بەغداد لەچوارچێوەی دووبارە بنیاندنەوەی عێراقدا دوای ئەوەی بە فەڕمی سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوی داعش لە عێراقدا ڕاگەیەندرا.

کاتێک سەبارەت بەوەی کە هۆکاری ئەوە چیە ئەڵمانیا ئامادەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە عێراقدا بمێنێتەوە ، ڤۆن دەیر لیین وتی " جەنگ دژی ڕێکخراوی داعش برینێکی زۆر قوڵی لە وڵاتەکەدا بەجێهێشتووە، بابەتەکەش پێویستی بە خۆڕاگرییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە عێراق بەهێز ببێتەوە." وتیشی " بابەتەکە پەیوەندیی بە دووبارە بنیادنانەوەی عێراقەوە هەیە لە هەموو بوارێکدا."

هەروەها بە ڕۆژنامەنووسانی وت عێراق نەک تەنها پێویستی بە سەقامگیرییە بەڵکو پێویستیشی بە گەشەکردنی ئابووریی و هاریکارییە، ئاماژەشی بەوەدا ئەڵمانیا لە ساڵی 2014 ەوە بە بڕی نزیکەی 1.4 ملیار یۆرۆ وەبەرهێنانی لە عێراقدا کردووە.

جێی ئاماژەیە لەمساڵدا ئەڵمانیا چالاکییەکانی مەشق پێکردنی سوپای گواستەوە بۆ ناوەڕاستی عێراق دوای ئەوەی لە پێشووتردا گرنگیەکی زۆر زیاتری دەدا بە مەشق پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا وتیشی هێزەکانی ئەڵمانیا ڕاوێژی وەزارەتی بەرگری عێراقیش دەکەن لە بابەتەکانی پوچەڵکردنەوەی بۆمبی چێنراو و پەرەپێدانی بەرپەرچدانەوەی چەکی ناوەکیی و بایۆلۆجی و کیمیایی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG