Accessibility links

ئەڵمانیا داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکات گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سیگمار گابرێل داوای لە هەموو ئەو وڵاتە عەرەبییانە کرد کە بەشدارن لە ناکۆکییەکان لەگەڵ قەتەڕدا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بارودۆخەکە خراپتر نەبێت و داواشی لە ئێران کرد ڕۆڵێکی ئیجابی ببینێت لە ناکۆکییەکاندا.

دوای کۆبوونەوە 90 خوولەکییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف، گابرێل وتی " چەندێک کێشەکان درێژە بخایەنن ئەوا ناکۆکییەکان خراپتر و قوڵتر دەبنەوە."

وتیشی " هیوادارین بەزووترین کات ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کۆببینەوە چونکە خراپبوونی بارودۆخەکە بۆ هیچ لایەک باش نیە."

وتیشی ئێران دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت لەڕێی یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.

محەمەد جەواد زەریفیش وتی ئێران بەپەرۆشە بۆ کارکردن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناکۆکییەکانی قەتەڕ کە پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ ئێراندا بەپێچەوانەی وڵاتە عەرەبییە دراوسێکانیەوە. زەریف وتیشی لەڕێی فشار و سزا و گەمارۆدانەوە هیچ چارەسەرێک نادۆزرێتەوە.

شایەنی باسە هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسڕ پەیوەندیەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر قەتەڕیان تۆمەتبارکرد، قەتەڕیش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

چوار وڵاتە عەرەبییەکە لیستێکی داواکارییان پێشکەشی قەتەڕ کرد و یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەیە کە قەتەڕ کەناڵی ئەل جەزیرە دابخات کە بە یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی ناکۆکییەکان دادەنرێت، هەروەها یەکێکی تر لە داواکارییەکان ئەوەیە کە قەتەڕ بنکە سەربازییە تورکییەکە لە قەتەڕ دابخات.

گابرێلیش وتی لیستی داواکارییەکان بە خاڵی دەستپێکی گفتوگۆکان دەزانێت نەوەکوو کۆتایی هێنان بە گفتوگۆکان.

هەروەها زەریف داوای لە گابرێل کرد سەردانی ئێران بکات لەمیانەی هەوڵەکانی ئێران و ئەڵمانیادا بۆ باشکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانیان. زەریف وتیش هەریەک لە وەزیری دارایی و سامانی ئەڵمانی لەمیانەی کۆبوونەوەکان لە بەرلین بەڵێنیان داوە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ڕێگەکان بۆ باشکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئەڵمانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG