Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی ئێراندا کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئەڵمانیا وتی ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس لە تاران لەگەڵ سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانیدا کۆدەبێتەوە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەوروپادا بۆ پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان و نەهێشتنی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی.

لە ساڵی 2015 دا ڕێکەوتنی ناوەکیی لەنێوان ئێران و ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و چیندا واژۆکرا، بەپێی ڕێکەوتنەکە سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر ئێران لادەبرێن و لەبەرامبەریشدا ئێران چالاکییە ناوەکییەکەی سنووردار دەکات، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا لەو ڕێکەوتنە ناوەکییە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران گرژییان تێکەوت و گەیشتە نزمترین ئاستییەوە. ئەمەریکا هەوڵیدا هەناردەی نەوتی ئێران ڕابگرێت و وتی هەر وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنین.

ئەڵمانیا و بەڕێتانیا و فەڕەنسا لە هەوڵی ئەوەدان ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بپارێزن و پشتیوانی لێدەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەمان ترسی ئەمەریکایان هەیە سەبارەت بە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکیەکەی ئێران و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا دەڵێن ڕێکەوتنە ناوەکییەکە هێشتا باشترین ڕێگەیە بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها دەڵێن لە داهاتوودا دەکرێت وتوێژ لەگەڵ ئێراندا بکرێت سەبارەت بە بابەتە ئەمنیەکانی دیکە.

سەرچاوە سیاسییەکە وتی " دەتوانم جەخت لەوە بکەمەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆکی ئێران ڕۆحانیدا کۆدەبێتەوە." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

لەمیانەی سەردانە کورتەکەیدا بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس لە ڕێگەیدا بۆ تاران ئاماژەی بەوەدا ململانێکان لەگەڵ ئێراندا مەترسی هەیە بۆ سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ماس وتی " ئێمەی ئەوروپی باوەڕمان بەوەیە پێویستە هەوڵبدرێت ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بپارێزرێت. " وتیشی هەمیشە گفتوگۆی دەوێت تەنانەت کاتێکیش کە ململانێکان دەگەنە ئەوپەڕی ئاستیانەوە.

دەزگای هەواڵی فارس ڕۆژی یەکشەممە لە زاری وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفەوە بڵاویکردەوە سەردانەکەی ماس بۆ تاران دەیسەلمێنێت کە ئەڵمانیا هەوڵدەدات ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بپارێزێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG