Accessibility links

دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا: توانا ئەلیکترۆنییەکانی ئێران مەترسین بۆ سەر ئەڵمانیا


وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست زیهۆڤەر
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست زیهۆڤەر

دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا بی ئێف ڤی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا ئێران توانای هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی زیاد بووە و جێی مەترسییە لەسەر کۆمپانیا و ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەڵمانیا.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست زیهۆڤەر ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ڕاگەیاند، لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران دەکرێت لە ساڵی 2014 ەوە و هەروەها ئاماژەش دراوە بەوەی لە ساڵی 2017 دا ژمارەیەکی زۆر هێرشی ئەلیکترۆنی لەو جۆرە بۆ سەر ئامانجە ئەڵمانییەکان بەرپەرچ دراوەتەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دوای ئەوەی ئەمەریکا کشایەوە لێی، ئەڵمانیا ترسەکانی زیاتر دەردەبڕیت سەبارەت بە چالاکییە موشەکییەکانی ئێران و سیخوڕیکردن و پشتیوانیکردنی ئێران لە گروپە توندڕەوەکان لە ململانێکانی ناوچەکەدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانەی کە باوەڕ وایە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێبکرێت بەشێوەیەکی سەرەکی حکومەتی ئەڵمانیا و ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەنتەرەکانی توێژینەوە و پیشەسازی فڕۆکە و بەرگری و پیترۆکیمایی ئەڵمانیایان کردۆتە ئامانج.

دەشڵێت " ئێران پێگەی خۆی وەکو یاریکەرێکی بەهێز توندتر کردۆتەوە لە بواری سیخوڕیکردنی ئەلیکترۆنیدا. لەوانەشە لە داهاتوودا تواناکانی و ئارەزووی بۆ بەکارهێنانی ئەو توانایانە زیاتر ببێت."

ڕاپۆرتەکە کە لە 355 لاپەڕە پێکهاتووە ئاماژە بەوە دەدات کە ڕوسیا و چین و ئێران گەورەترین هەڕەشەن لە بواری دزەکردن و سیخوڕیکردنی ئەلیکترۆنیدا، هەروەها ئاماژەی بە وڵاتانی دیکەش داوە کە چالاکن لەو بوارانەدا لەوانەش هیندستان و ڤیێتنام و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیش.

هەروەها دەشڵێت دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕوسیا بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی ڕای گشتی لە ئەڵمانیا لەڕێی پڕوپاگەندە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەو هەوڵانە تەنانەت دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017 ی ئەڵمانیاش هەر بەردەوام بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG