Accessibility links

ئەڵمانیا: پێکوتەکەی ڕوسیا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی پێویست تاقی نەکراوەتەوە


وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا یانس سپان
وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا یانس سپان

وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا یانس سپان وتی پێکوتەکەی ڕوسیا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی پێویست تاقی نەکراوەتەوە، وتیشی ئامانجەکە ئەوەیە بەرهەمێکی پارێزراو بەرهەم بهێنیت نەوەک ئەوەی یەکەمین وڵات بیت پێکوتەکە بۆ خەڵک دابین بکەیت.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ڕایگەیاند ڕوسیا یەکەمین وڵاتە پێکوتەکەیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسەند بکات، ئەوەش دوای کەمتر لە دوو مانگ لە تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ.

هەندێک لە شارەزایانی بواری تەندروستی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە بڕیارەکەی مۆسکۆ بۆ پەسەندکردنی پێکوتەکە پێش ئەوەی تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ بکرێت.

وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا بە ڕادیۆی دویچلاند فۆنکی وت " لەوانەیە زۆر مەترسیدار بێت دەست بکەیت بە پێدانی ئەو پێکوتەیە بە ملیۆنان خەڵک، چونکە ئەگەر شتەکان بەباشی نەڕۆن ئەوا بەتەواوەتی بیرۆکەی پەسەندکردنی پێکوتەیەک بۆ ئەم ڤایرۆسەکە لەناودەبات. بۆیە من زۆر گومانم هەیە لەوەی کە لە ڕوسیا ڕوودەدات."

وتی " پێم خۆش دەبێت ئەگەر ببینم پێکوتەیەکی باش هەبێت بەڵام بەپێی ئەوەی کە دەیزانین، کە ئەمەش کێشەی سەرەکییە چونکە ڕوسیەکان شتی زۆرمان پێناڵێن، ئەم پێکوتەیە بەپێی پێویست تاقی نەکراوەتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو گرنگترین شت ئەوەیە تەنانەت لەنێوەندی بڵاوبوونەوەی پەتاکەشدا توێژینەوە و تاقیکردنەوەی ڕاست بکرێت و بڵاوبکرێنەوە تاوەکو خەڵک متمانەی بە پێکوتە هەبێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێکوتە ڕوسیەکە کە ناونراوە سپۆتنیک 5 وتی " بابەتەکە پەیوەندیی بەوەوە نیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان یەکەم بیت، بەڵکو پەیوەندیی بەوەوە هەیە پێکوتەیەکی کاریگەر بەرهەم بهێنیت کە بە هەموو تاقیکردنەوەکاندا تێپەڕبووبێت و پارێزراو بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG