Accessibility links

سەردانی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بۆ لیبیا


سەرۆکی حکومەتی لیبیا عەبدولحەمید دبیبە

وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا گەیشتنە تەڕابلسی پایتەختی لیبیا، ئەوەش بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکاری نوێی ئەو وڵاتەدا.

ئامانج لەم سەردانە هاوبەشە پشتیوانیکردنە لەو گەشەکردنە سیاسییەی لەمدواییانەدا لە لیبیا بیندراوە.

وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کۆنگرەیەکی هاوبەش لەگەڵ هاوتا لیبیەکەیان نەجلا مەنقوشدا ئەنجام دەدەن. ئەم سەردانەش دوای کەمتر لە دوو هەفتە دێت لە پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی نوێی لیبیا.

هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ لێدوانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا کە وتی دۆسییەی لیبیا لە کۆتای ئەم مانگەدا بابەتێک دەبێت لە کۆبوونەوەکانی ئەوروپادا.

لەلای خۆیەوە فەڕەنسا ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو باڵیۆزخانەکەی دووبارە لە تەڕابلس دەکاتەوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوە و پشتیوانیکردن لە حکومەتە نوێیەکەی لیبیا کە لەلایەن وڵاتانەوە پشتیوانیەکی بەرچاوی لێدەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لویجی دی مایۆ لە تەڕابلسی پایتەخت چاوی بە سەرۆکی حکومەتی لیبیا عەبدولحەمید دبیبە کەوت.

هەروەها یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس دەبێت بۆ لیبیا.

وەزیرە ئەوروپییەکان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی یەکگرتووی نیشتیمانی لیبیا عەبدولحەمید دبیبە و ئەندامانی حکومەتەکەیدا کۆدەبنەوە، دواتریش لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا یان کۆبیشدا کۆدەبنەوە. کۆتایی سەردانەکەشیان بە کۆنگرەیەکی هاوبەش دەبێت لەگەڵ هاوتا لیبیەکەیاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG