وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان ئاماژەیان بەوەدا وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە هایکۆ ماس کەرەنتین کراوە دوای ئەوەی یەکێک لە پاسەوانە تایبەتیەکانی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەوەش ناچاری کرد سەردانەکەی بۆ ئوردن هەڵبوەشێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی پشکنینە سەرەتاییەکانی ماس دەریدەخەن توشی ڤایرۆسەکە نەبووە.
ئەمەش ڕۆژێک دوای دواخستنی کۆبوونەوەی ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا دێت بەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا شاڕڵ میشێڵ کەرەنتین کرا. ئەم ڕاگەیاندنەش تیشک دەخاتە سەر قورسبوونی چالاکییە سیاسییەکانی ئەوروپا لەکاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا خۆیان بۆ شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە دەکەن.
وەزارەتەکە وتی " وەزیری دەرەوە ماس خۆی کەرەنتین کردووە دوای ئەوەی یەکێک لە پاسەوانە تایبەتیەکانی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە."
ڕۆژنامەی زود دوێچە چایتونگ بڵاویکردەوە هایکۆ ماس ناچار بووە سەردانەکەی بۆ ئوردن هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕۆژی سێشەممەش سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا شاڕڵ میشێل کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپای بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست، ئەوەش دوای ئەوەی بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ توشبوویەکدا. وابڕیاربوو کۆبوونەوەکە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز