Accessibility links

ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا پەلە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وزە


ئەڵمانیا دەڵێت پێدانی قەرز بەو کۆمپانیایانەی وزە زیاد دەکات کە مەترسی لە ناوچوونییان لەسەرە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی گازەوە، هاوکات یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک پێشنیاری ئامادە کردووە بۆ یارمەتیدانی ماڵ و پیشەسازییەکان تاوەکو خۆیان لەگەڵ ئەو قەیرانی وزەیەدا بگونجێنن کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دروست بووە.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆمەڵێک پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وزە ڕابگەیەنێت، لەوانەش کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا و کەمکردنەوەی داهاتی ئەو وێستگانەی کە بە گاز کارناکەن. وەزیرانی وزەی ئەوروپا لە 30 ی مانگی نۆدا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدەن بۆ هەوڵدان بۆ ڕێکەوتن لەسەر پێشنیارەکان.

هاوکات لەلایەکی دیکەوە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بیر لە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەکاتەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمپانیایانەی وزە کە کۆشش دەکەن بۆ دابینکردنی داواکارییەکان کە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە، لە کاتێکدا کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازەوە لەلایەن ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز گوتی " بێگومان دەمانزانی، دەشزانین کە وەستانمان لە پاڵ ئۆکرانیادا دەرەنجامی دەبێت." هەروەها داوای کرد ئامادەکاری بکرێت بۆ زستانێکی سەخت و زیادکردنی هەوڵەکان بۆ پشت نەبەستن بە گازی ڕووسیا.

شۆڵز گوتی " با پێکەوە ئەم ئەرکە ئەنجام بدەین."

وەزیری دارایی ئەڵمانیا وتی وڵاتەکە دەیەوێت پێدانی قەرز بە کۆمپانیاکانی وزە زیاتر بکات، ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی ئەو مۆڵەتانەی قەرزکردنەوە کە لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا دراون بە کۆمپانیاکان، ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانیاش دەڵێت بەهای قەرزەکە 67 ملیار یۆرۆیە.

هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیای ڤی ئێن جی ئەڵمانیا کە گەورەترین کۆمپانیای هاوردەکردنی گازی سروشتی ڕووسیایە، بووە یەکێکی دیکە لەو کۆمپانیایانەی کە داوای یارمەتی لە حکومەت کردووە تاوەکو بەردەوام بێت لە کارەکانی.

پێشبینی دەکرێت حکومەتی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕەشنووسی یاسایەک پەسەند بکات کە پێدانی قەرز بە کۆمپانیاکانی وزە زیاتر دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG