Accessibility links

ئەڵمانیا بەشێک لە دوکان و خوێندنگاکان دەکاتەوە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی ئەڵمانیا لە شەڕیدا دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وردە وردە بەرەو سەرکەوتن دەچێت و هەندێک هەنگاوی بچووک دەنێت بۆ کەمکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ، هەفتەی داهاتوو بەشێک لە دوکانەکان دەکرێنەوە و خوێندنگاکانیش لە 4 ی مانگی پێنجەوە دەکرێنەوە.

مێرکڵ و فەرمانڕەواکانی 16 ویلایەتەکەی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیاندا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ڕیوشوێنەکانی دیکەی مانەوە لە ماڵەوە و خۆبەدوورگرتن لە قەرەباڵغی تاوەکو 3 ی مانگی پێنج وەکو خۆیان دەمێننەوە. هەروەها وابڕیارە لە 30 ی مانگی چواردا دووبارە کۆببنەوە بڕیار بدەن لەسەر چۆنێتی بەردەوام بوون لە دوای 3 ی مانگی پێنجەوە.

بەپێی ڕێکەوتنەکە، هەفتەی داهاتوو هەندێک لە دوکانەکان و پێشانگاکانی ئوتومبێل و کتێبخانەکان دەکرێنەوە، بەڵام دەبێت تەواو پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن، بەتایبەتی بەشێوەیەک کار بکەن قەرەباڵغی دروست نەکەن.

خوێندنگاکان لە 4 ی مانگی پێنجەوە دەکرێنەوە.

هەروەها داوایان لە هاوڵاتیان کرد لە کاتی چوونە دەرەوەیان کەمامە ببەستن. گردبوونەوە دینیەکان بە قەدەغەکراوی دەمێننەوە و هەروەها ڕێستۆرانت و باڕ و قاوەخانە و سینەماکان بە داخراوی دەمێننەوە. بۆنە گەورەکانیش تاوەکو 31 ی مانگی هەشت بە قەدەغەکراوی دەمێننەوە.

مێرکڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە ئێستا هەنگاوی بچووک دەنێین، بارودۆخەکە هێشتا مەترسی لەسەرە و دەبێت ئاگادار بین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG