Accessibility links

ئەڵمانیا 40 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێپەڕدەکات


ناوەندی ڕۆبەرت کوخ بۆ چاودێری تەندروستی بڵاویکردەوە کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەڵمانیا 40 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند، هاوکات ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ هۆشیاریدا لەوەی هەفتەکانی داهاتوو " سەختترین قۆناغی پەتاکە " دەبێت.

ناوەندەکە ئاماژەشی بەوەدا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 465 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە، بەوەش کۆی گیان لەدەستدانەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە بەرزبۆوە بۆ 40,343 حاڵەت.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1,9 ملیۆن کەس لە ئەڵمانیا توشی ڤایرۆسەکە بوون و ڕۆژی شەممە نزیکەی 17 هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ هۆشیاریدا و وتی دەرەنجامی کۆبوونەوە و گردبوونەوە کۆمەڵایەتیەکان کە لە ماوەی پشووەکانی سەری ساڵدا زیادبوون هێشتا دەرنەکەوتووە.

وتیشی هەفتەکانی داهاتوو " سەختترین قۆناغی پەتاکە " دەبێت لەکاتێکدا پزیشک و تیمەکانی تەندروستی بەوپەڕی توانای خۆیانەوە کاردەکەن.

ئەڵمانیا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکە 83 ملیۆن کەسە، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکە، لە ئێستاشدا ڕووبەڕووی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە بۆتەوە دوای ئەوەی لەسەر ئاستی ئەوروپا و بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا توانی بەسەر شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسەکەدا سەربکەوێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG