Accessibility links

ئەڵمانیا ڕێگە نادات فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی ئێران بێتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا بەرلین مۆڵەتی تایبەتی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی ئێرانی هەڵوەشاندۆتەوە کە کەلوپەلی سەربازیی دەگوازێتەوە بۆ سوریا و ئەو ناوچانەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە جەنگیان تێدایە، ئەمەش لەنێوەندی فشارە چڕوپڕەکانی ئەمەریکادا.

لە ساڵی 2011 دا ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر کۆمپانیای ماهان ئێردا و وتی پشتیوانی ئابووری سوپای پاسدارانی ئێران دەکات، هەروەها داواش لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات هەمان ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا بنێن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی قەدەغەکردنی گەشتەکە لە ئێستاوە جێبەجێ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەڵمانیا وتی ئەم ڕێوشوێنە مانای ئەوە نیە ئەڵمانیا پلان دابنێت بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.

ماهان ئێر لە ساڵی 1992 دا دامەزرا و یەکەمین کۆمپانیای فڕۆکەوانی تایبەتی ئێرانە و زۆرترین فڕۆکەی هەیە و گەشت دەکەن بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، لەوانەش ئیتاڵیا و فەڕەنسا و یۆنان و ئیسپانیا.

نوێنەری ئەمەریکا لە ئەڵمانیا ڕیچارد گرینیڵ پێشوازی لە قەدەغەکردنەکە کرد کە ماوەیەکی زۆرە ڕەخنە دەگرێت لە پەیوەندییەکانی ماهان ئێر بە ئەڵمانیاوە.

لە بەیاننامەیەکدا وتی " ماهان ئێر تیرۆریستان و چەک و کەلوپەلی سەربازیی و پارە دەگوازێتەوە بۆ گروپە تیرۆریستیەکان کە لەجێی ئێران شەڕ دەکەن."

وتیشی " بەکار‌هێنانی ماهان ئێر لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی کارەساتی مرۆیی و توندوتیژی و ناجێگری سیاسیی لە سەرتاسەری جیهاندا."

بەڵام وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا شتایڤن زایبەرت ڕەتی کردەوە بڕیاری قەدەغەکردنەکە لە ئەنجامی فشارەکانی ئەمەریکاوە بووبێت.

وتی " ئەم بڕیارە لەپێناو ئاسایشی خۆماندا دراوە."

هەروەها وتی " ناکرێت بەدووری بزانیت ئەم کۆمپانیا فڕۆکەوانیە لەوانەیە کۆمەڵێک بار بگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا کە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان. "

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG