Accessibility links

سەرۆک وەزیری جۆرجیا بە سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت دەست وەرنەداتە وڵاتەکەیەوە


سەرۆک وەزیری جۆرجیا ئیراکلی گاریباشڤیلی
سەرۆک وەزیری جۆرجیا ئیراکلی گاریباشڤیلی

سەرۆک وەزیری جۆرجیا ئیراکلی گاریباشڤیلی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دەستوەردان لە دۆخی سیاسیی وڵاتەکەدا، ئەوەش لە ڕێی قسەکردن لەسەر خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردووی جۆرجیاوە.

لە ماوەی خۆپیشاندانێکدا دژی یاسای " بریکارە بیانییەکان " کە ڕەخنەگران دەڵێن گۆڕانێکی تاکڕەوییانەیە لە جۆرجیا، زێلێنسکی سوپاسی خۆپیشاندەرانی کرد لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای ئۆکرانیا، وتی خۆپیشاندەران بەو کارەیان ڕێزییان نواندووە و هیوای خواست جۆرجیاییەکان " سەرکەوتنێکی دیموکراسی " بە دەستبهێنن.

هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی جۆرجیا پڕۆژە یاساکەی ڕەت کردەوە کە مەترسی لەسەر هەوڵەکانی جۆرجیا دروست کردبوو بۆ پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ ئەوروپادا. ڕەخنەگران دەڵێن پڕۆژە یاساکە لە یاسایەکی ڕووسی ساڵی 2012 ەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان لە ڕووسیا بەکارهێندراوە.

گاریباشڤیلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی جۆرجیادا وەکو ئاماژەیەک بۆ زێلێنسکی وتی " کاتێک کەسێک کە لە جەنگدایە، وەڵامی کردەوەیەکی تێکدەرانەی چەند هەزار کەسێک دەداتەوە لێرە لە جۆرجیا، ئەمە بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئەوەی ئەم کەسە دەستی هەیە لەو کارەدا، پاڵنەرێکی هەیە بۆ ئەوەی لێرەش شتێک ڕووبدات."

وتیشی " دەمەوێت هیوای کۆتایی هاتن بە جەنگە و ئاشتی بخوازم بۆ هەمووان."

بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئۆلی نیکۆلینکۆ گاریباشڤیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " دووبارەکردنەوەی پڕوپاگەندەکانی ڕووسیا "، ئەوەش لە ڕێی ئەوەوە کە دەڵێت کیێڤ ویستوویەتی جۆرجیا ڕابکێشێتە ململانێکەیەوە لەگەڵ مۆسکۆدا.

نیکۆلینکۆ وتی " ئەم جۆرە بانگەشانە ڕەت دەکەینەوە، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نیە. بەرپرسانی جۆرجیا لە شوێنێکی هەڵەدا بە شوێن دوژمنێکدا دەگەڕێن."

وتیشی " ئۆکرانیا هەمیشە و بەردەوام وەکو هاوڕێیەکی گەلی جۆرجیا دەمێنێتەوە."

سەرەڕای لێدوانەکانی سەرۆک وەزیری جۆرجیا، ڕای گشتی لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لایەنگری لە ئۆکرانیا دەکات و دژی ڕووسیایە. لە ساڵی 2008 دا جۆرجیا خۆی بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵ ڕووسیادا لە شەڕدا بوو، ئەوەش لەسەر پێگەی ئەو دوو هەرێمەی جۆرجیا کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات، ئازخازیا و ساوث ئۆسێتا.

جۆرجیا و ئۆکرانیا هەردووکیان دەیانەوێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ببنە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG