ڕێککەوتنێک واژۆ کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنە چەند کاتژمێرییەکەی کارمەندانی زەمینی فڕۆکەخانەی ژنێڤ، کە بووە هۆی دواخستن و هەڵوەشانەوەی گەشتەکان لە ماوەی قەرەباڵغی پشووەکاندا.
یەکێتی گشتی سەندیکای خزمەتگوزارییەکانی سویسرا ماوەیەکی کورت پێش نیوەڕۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " سەرکەوتن!"
چەند کاتژمێرێک پێشتر، لە کاتژمێر 4 ی بەیانیدا کارمەندان دەستییان بە مانگرتنەکەیان کرد، داوایان لە خاوەن کارەکەیان ' دەزگای گەشتی ئاسمانی نیشتیمانی دوبەی dnata کرد " گوزەرانی کارکردنییان باشتر بکات و موچەکانییان شایستە بێت."
سەندیکای خزمەتگوزاری گشتی سویسرا وتی " کارمەندەکان سەرکەوتوو بوون لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا بۆ سەر پارەی خانەنشینییان و بە دەستهێنانی موچە و قەرەبووکردنەوەیان لەسەر کارکردنی زیاتر و قەرەبووەکانی دیکە بە گشتی."
دەزگای گەشتی ئاسمانی نیشتیمانی دوبەی ' dnata ' کە کۆمپانیایەکی ئیماڕاتی خزمەتگوزاری فڕۆکەخانەیە، لە بەیاننامەیەکدا " چارەسەری کارە پیشەسازییەکەی " پشتڕاست کردەوە، ئاماژەی بەوەشدا کارمەندەکان نیوەڕۆ گەڕاونەتەوە سەر کارەکانییان.
پێش بەرەبەیان نزیکەی 80 مانگر لە بەردەم فڕۆکەخانەکەدا گردبوونەوە، چاکەتی زەردی پارێزراوییان لەبەردابوو و ئاڵای یەکێتییەکە و دروشمی وەکو " dnata دەمکوژێت " و " کاری مەترسیدار واتە گەشتە زەمینییەکان " یان بەرز کردبووەوە.
ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەخانەی ژنێڤ جەختی لەوە کردەوە بەشدار نەبووە لە ناکۆکییەکەی نێوان dnata و کارمەندەکانیدا، وتیشی بە داخەوەیە مانگرتنەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە لەو ماوەیەدا گفتوگۆکان بەردەوام بوون.
بەهۆی مانگرتنەکەوە فڕۆکەخانەکە وتی شەش گەشت هەڵوەشێندراونەتەوە، هەندێکی دیکەیان بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک دواخراون.
فڕۆکەخانەکە وتی " لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە گەشتەکان بەبێ بارکردن یاخود داگرتنی جانتاکان ڕۆیشتوون."
پێش ڕێککەوتنەکە، وتەبێژی فڕۆکەخانەکە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت تەنها ئەو گەشتانەی کە لەلایەن dnata وە کارییان بۆ کراوە ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.
وتی " زۆربەی کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن."
گوایە کۆمپانیای dnata نزیکەی 600 کارمەندی لە ژمارەیەک لە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی وەکو هێڵی ئاسمانی بریتیش و هێڵی ئاسمانی ئێر فرانس و کەی ئێڵ ئێم هەیە، کە مامەڵە لەگەڵ چەندین کاری زەمینیدا دەکەن، لەوانەش خزمەتگوزارییەکانی تکت و مامەڵەکردن لەگەڵ جانتاکاندا.
وتەبێژەکەی فڕۆکەخانەی ژنێڤ وتی dnata کاری یارمەتیدانی 86 گەشتی پێدراوە لە کۆی ئەو 417 گەشتەی کە بۆ ڕۆژی یەکشەممە داندرابوون، لەو ڕۆژەدا فڕۆکەخانەکە پێشبینی دەکرد 52,000 سەرنشین لە فڕۆکەخانەکەوە گەشت بکەن.
وتیشی هەموو ئەو گەشتانەی کە لەلایەن سویسپۆرتی ڕکابەری dnata ەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت " ئاسایی بەڕێوەدەچن و هیچ کێشەیەکییان نییە."
بەپێی یەکێتییەکە، نزیکەی نیوەی کارمەندانی dnata بەشدار بوون لە مانگرتنەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا، داوایان کردووە موچەکانییان لە سەدا 5 زیاد بکرێت.
دوای چەندین خولی گفتوگۆکان، سەرجەم لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر زیادکردنی مووچەی کارمەندەکان بە لە سەدا 3.
سەندیکای خزمەتگوزارییە گشتییەکانی سویسرا، dnata ی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " فشارکردنە " سەر کارمەندان و هەڕەشەی دەرکردنی کارمەندەکانی، وتی ئەو هەڕەشانە لابراون و کۆمپانیاکە ڕازیبووە پارەی ئەو کاتژمێرانە بدات کە کارمەندەکانی تێیاندا مانییان گرتووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس