Accessibility links

دوای ڕاگرتنی داواکان بۆ ئاگربەست، شەڕ لە باکووری غەززە چڕتر دەبێتەوە


هەوڵە سەربازییەکانی هێزەکانی ئیسڕائیل لە باکووری غەززە چڕتر دەبێتەوە و ڕۆژی شەممە سوپای ئیسرائیل ڕووبەڕووی چەکدارانی حەماس بوویەوە. ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە دەیەوێت باکووری غەززە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات بۆ ئەوەی بتوانێت سەنگ بخاتە سەر باشووری کەرتەکە. ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی کرد بۆ ئەو ناوچەیە بە بێ ئەوەی باس لە ئاگربەستی دوبارە بکات.

دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی شارۆچکەی جەبەلییەی باکووری غەززەی داپۆشی، گەورەترین کامپی پەنابەرانی غەززەش لە جەبەلییەیە، دانیشتوانیش باسییان لەوە کرد تانکەکانی ئیسڕائیل بەردەوام بۆردومانی ناوچەکە دەکەن و ئاماژەیان بەوەدا پێشڕەوییان کردووە بۆ ناو شارۆچکەکە.

باڵی سەربازیی حەماس، لیواکانی ئەل قەسام، وتی ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسڕائیل بوونەتەوە لە ناوچەکەدا. وتیشی پێنج تانکی ئیسڕائیلییان تێکشکاندووە و تیمەکەیان بریندار کردووە. ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەوە پشتڕاست بکاتەوە.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکان، لە سەرەتای جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 20,000 هاووڵاتی لە غەززە کوژراون، باوەڕیش وایە هەزاران لاشەی دیکەش لە ژێر بینا خاپووربووەکاندا نێژرابن. نزیکەی سەرجەم دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەززە ئاوارە بوون.

ئیسڕائیلیش دەڵێت لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا 140 سەربازیی لە هێرشە زەمینییەکانیدا کوژراون. هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە لە دوای هێرشەکەی حەماسەوە هات لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەی حەماسدا 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و 240 کەسی دیکەش بە بارمتە گیراون.

هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل وتی تەقەی هەڵخەڵەتاندنییان لە ناوچەی عیسا کردووە لە شاری غەززە و دەیان چەکداری لە بینایەکدا دەرکردووە کە وەکو بارەگایەکی حەماس بووە لە باکووری غەززە.

وتیشی " لەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەدا، هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل و هێزەکانی هەواڵگری ڕێنماییان داوە بە فڕۆکەیەکی شەڕکەر تاوەکو لە بیناکە بدات، تیرۆریستەکانی لە ناوبردووە.

سوپای ئیسڕائیل ڤیدیۆیەکیشی بڵاوکردەوە و وتی تونێلەکانی حەماسە لە ناوچەی عیسا. ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ شوێن و کاتی ئەو ڤیدیۆیە پشتڕاست بکاتەوە. ئیسڕائیل چەکدارە فەلەستینییەکان تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی دانانی تونێل و ژێرخانە سەربازییەکانی دیکەیان لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا، تاوەکو وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکارییان بهێنن. حەماسیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

سەرکردەی سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی هەینی وتی سوپا ئەوەندەی نەماوە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی باکووری غەززە بکات و ئێستا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە، سەنگەکانیش لەسەر باشوورە.

دەزگای هەواڵی وەفای فەلەستینییەکان وتی درەنگانێکی ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر خانوویەک لە نوسیرەتی ناوەڕاستی غەززە لانیکەم 18 فەلەستینی کوژراون و دەیانی دیکە بریندار بوون.

بەرپرسانی تەندروستی و ڕاگەیاندنەکانی حەماس بە جیا ئاماژەیان بەوەدا لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر خانوویەک لە کامپی پەنابەرانی نوسیرەت سێ کەس کوژراون، ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەقسای حەماس و دوو خزمی لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

بەپێی ئامارێکی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، تاوەکو ئێستا لە جەنگەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا لانیکەم 69 ڕۆژنامەنووس کوژراون.

هاوکات دوای چەندین ڕۆژ لە گفتوگۆکان بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ڤیتۆی ئەمەریکا دژی ئاگربەست لە غەززە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد تێیدا داوا دەکات هەنگاو بنرێت بۆ ڕێگەدان بە " گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە بە شێوەیەکی پارێزراو و فراوان و بەبێ هیچ بەربەستێک. هەروەها خستنەوەی هەلومەرجێک بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە."

باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت زیاتر سەنگ بخاتە سەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون و سەنگ خستنەسەر " میکانیزمەکانی یارمەتییەکان " پێویست نەبووە چونکە ئیسڕائیل مۆڵەتی داوە بە " گەیشتنی یارمەتییەکان بەو قەبارەیەی کە داواکراوە."

حەماس وتی بڕیارەکە لە ئاست پێویستییەکانی غەززەدا نیە، جەختی لە داواکان کردەوە بۆ کۆتایی هێنان بە " دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیل."

وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا وتی بڕیارەکە هەنگاوێکە کە یارمەتی " کۆتایی هێنان دەدات بە دوژمنکارییەکان و دڵنیایی دەدات لەسەر گەیشتنی یارمەتییەکان و پاراستنی گەلی فەلەستینی."

ئەمەریکا و ئیسڕائیل کە بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات، دژایەتی ئاگربەست دەکەن، دەڵێن ئاگربەست یارمەتی حەماس دەدات دووبارە خۆی ڕێکبخاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG