Accessibility links

بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان


بەرپرسانی غەزە و سوپای ئیسڕائیل وتیان ئەو موشەکانەی لە غەزەوە بۆ ئیسڕائیل هەڵدراون بوونەتە هۆی کوژرانی چوار هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیل لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لەسەر سنوور بۆتە هۆی کوژرانی 14 فەڵەستینی کە زۆربەیان چەکدارن.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی فەرمانی بە هێزەکانی ئیسڕائیل کردووە بەردەوام بن لە هێرشە چڕەکانیان دژی چەکدارانی حەماس و جوڵانەوەی جیهادی ئیسلامی.

سوپای ئیسڕائیل وتی لە ڕۆژی هەینیەوە زیاتر لە 600 موشەک و تۆپی دیکە ئاڕاستەی شار و گوندەکانی باشووری ئیسڕائیل کراون و بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیل بەرپەرچی زیاتر لە 150 موشەکی داوەتەوە.

هەروەها وتیشی هێرشیان کردۆتە سەر 260 ئامانجی چالاکەوانە فەڵەستینیەکان لە غەزە. بەرپرسانی غەزە وتیان لە ڕۆژی هەینیەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل و تۆپهاوێژەکانیان بوونەتە هۆی کوژرانی 22 کەس و 10 کەسیان هاوڵاتی مەدەنین.

پۆلیس وتی موشەکێک ماڵێکی لە عەسقەلان پێکاوە و پیاوێکی ئیسڕائیلی تەمەن 58 ساڵی کوشتووە، ئەمەش یەکەمین هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلە کە لەم جۆرە هێرشانەدا بکوژرێت لە سەرەتای جەنگی غەزەوە کە لە ساڵی 2014 دا دەستی پێکرد و حەوت هەفتەی خایاند.

بەرپرسەکە وتیشی موشەکێکی دیکە عەسقەلانی پێکاوە و کرێکارێک کوژراوە. سوپای ئیسڕائیل وتی سیێەم هاوڵاتی مەدەنی بە موشەکێکی دژە تانک کوژراوە کە لە غەزەوە هەڵدراوە و بەر ئوتومبێلێک کەوتووە لە نزیک سنوور. هەروەها کاتێکیش موشەکێک شاری ئاسدودی کردە ئامانج چوارەم هاوڵاتی مەدەنی ئیسڕائیلی کوژرا.

لە غەزەش جوڵانەوەی جیهادی ئیسلامی ناسنامەی حەوت چەکداری ئاشکرا کرد کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون و بەرپرسانی تەندروستیش وتیان شەش هاوڵاتی مەدەنی دیکەش کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە ئیسڕائیل پێدانی غازی لە کێڵگەی سەرەکی غاز وەستاند. وەزارەتی وزەی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری وزە بە بەرچاوگرتنی زیادبوون و بەردەوامبوونی توندوتیژی و شەڕ و پێکدادانەکان، پێدانی غازی سروشتی بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت لە کێڵگەی تەماری دەریایی. هەروەها ئیسڕائیل هەناردەی بەنزینی بۆ غەزە لەڕێی خاڵی سنووری ئەکرەم سالمەوە ڕاگرت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG