Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئیسڕائیل: خەرجی ئێران بۆ شەڕە دەرەکییەکان زیاد دەکات


جەنەڕاڵ گادی ئایزنکۆتی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی ئیسڕائیل وتی ئێران ساڵانە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕ دەکەن و وادیارە ئەم خەرجییەش لە زیادبووندایە.

ئایزنکۆت ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەنیازە هیلالی شیعە دروست بکات بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و بەحرەین و غەززەدا.

لە لێدوانێکدا ئایزنکۆت وتی " تەنها سەیری قەبارەی ئەو وەبەرهێنانەی ئێران بکەن لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ڕەها بەسەر ناوچەکەدا، دەبینن کە ئێران هەموو ساڵێک لەنێوان 700 هەزار دۆلارەوە بۆ ملیارێک دۆلار دەداتە حیزبوڵا."

وتیشی " لەمدواییانەدا وەبەرهێنانەکەی هێناوەتە فەڵەستینیشەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی لەوێش زیاد بکات، ئەمەش لەڕێی زیادکردنی خەرجی یارمەتییە ساڵانەییەکان بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ سەد ملیۆن دۆلار."

جێی ئاماژەیە ئێران تێکەڵی ناکۆکییەکانی سوریا و عێراق بووە و هەروەها پشتیوانی لە حوسییەکان دەکات لە جەنگی یەمەندا و ڕکابەرایەتی سعودیەش دەکات لەپێناو دەسەڵاتی زیاتر بەسەر ناوچەکەدا. بەڵام زۆربەی ئێرانییەکان ڕەخنە لە دەست تێوەردانەکانی ئێران دەگرن لە سیاسەتی دەرەوەدا و دەیانەوێت ڕابەرەکانیان هەلی کار لەناو ئێراندا زیاد بکەن لەکاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجاندا لە ئێران لەچاو ساڵی ڕابردوودا بەڕێژەی لە سەدا 29 زیادی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG