Accessibility links

بەیاننامە: کۆمەڵەی حەوت دان نانێت بە داگیرکارییەکەی ڕوسیادا لە دورگەی کرێمیا


Ukraine Russia
Ukraine Russia

کۆمەڵەی حەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دان نانێت " بە هەوڵەکانی ڕوسیادا بۆ بە یاساییکردنی داگیرکردنی کرێمیا " ، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا.

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت جەختیان لەوە کردەوە " بەتوندی داگیرکردنی کاتی کۆماری سەربەخۆی کرێمیا و شاری سیباستۆبۆڵ لەلایەن ڕوسیاوە سەرکۆنە دەکەین." ئەوەشیان خستەڕوو " دان نانێین بە هەوڵەکانی ڕوسیادا بۆ بە یاساییکردنی ئەم داگیرکارییە."

ئەم بەیاننامەیە وەکو پشتیوانیەکە بۆ لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کە لە کۆتایی مانگی دوودا جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا " هەرگیز " دان نانێت بە داگیرکارییەکەی ڕوسیادا لە دورگەی کرێمیا لە ئۆکرانیا.

وەکو ئاماژەیەک بۆ هەڵوێستی توندتری بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا بەرامبەر ڕوسیا، ڕۆژی چوارشەممە بایدن هاوتا ڕوسیەکەی ڤلادیمێر پوتنی بە " بکوژ " ناودێرکرد و ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی مۆسکۆ.

لە ساڵی 2014 ەوە شەڕ و ململانێکانی نێوان ئەو چەکدارانەی لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت و هێزەکانی ئۆکرانیا بۆتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 13 هەزار کەس. جێی ئاماژەیە لە هەمان ساڵدا ڕوسیا دورگەی کرێمیای گرتەخۆ و هێزەکانی سەر بە ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا یاخیبوونیان دژی حکومەتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ( ئەڵمانیا و کەنەدا و ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و بەڕیتانیا ) و هەروەها نوێنەرانی باڵای یەکێتی ئەوروپا وتیان " دوای حەوت ساڵ لە داگیرکردنی نایاسایی کۆماری سەربەخۆی کرێمیا و شاری سیباستۆبۆڵ لەلایەن ڕوسیاوە، پشتیوانی و هەڵوێستی جێگیرمان دووپات دەکەینەوە و پابەندین بە سەربەخۆیی ئۆکرانیا و سەروەری و یەکگرتوویی خاکەکەیەوە، لەچوارچێوەی سنوورەکەیدا کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانی پێدانراوە."

وتیشیان " لە میانەی بەکارهێنانی هێز دژی یەکگرتوویی خاکی ئۆکرانیا، ڕوسیا بە ئاشکرا یاسای نێودەوڵەتی پێشێلکردووە."

هەروەها دژایەتی خۆیان دەربڕی لەسەر " سووربوونی ڕوسیا لە تێکدانی سەقامگیری ئۆکرانیادا، بەتایبەتی ئەو کارانەی کە لە هەندێک لە ناوچەکانی ناو دۆنتسک و لوگانسک ئەنجامی دەدات، ئەوەش لەسەر حسابی ئەو بەڵێنانەی کە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنەکانی مینسکدا داویەتی."

جەختیشیان لەوە کردەوە " خستنەوەی ئاشتی بە جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێکەوتنەکانی مینسک دەبێت، ڕوسیا لایەنێکە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا،نەک نێوەندگر."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG