Accessibility links

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت قەدەغەکردنی هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیا ڕادەگەیەنن


وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت قەدەغەکردنی هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیایان ڕاگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆبوونەوەکەیان لە ئەڵمانیا دەستپێکرد.

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا و کەنەدا و بەڕیتانیا و ژاپۆن بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ توندکردنەوە سزا ئابوورییەکانی سەر ڕووسیا تاوەکو ئەو وڵاتە نەتوانێت لەڕووی داراییەوە پشتیوانی لە جەنگەکەی بکات لە ئۆکرانیا.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەو ڕێوشوێنانەی ئەمڕۆ ڕامانگەیاندن دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا دەکەنە ئامانج و لە دڵی ئامێری جەنگەکەی پوتن دەدەن."

وتیشی " دەبێت ڕژێمەکەی پوتن برسی بکەین نەتوانن پشتیوانی دارایی لە جەنگەکە بکەن. بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانمان ئەوە دەکەن."

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا وتی ڕەنگە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕۆژی سێشەممە بە فەڕمی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیا ڕابگەیەنن.

بەرپرسەکە وتی " ئەمە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتە بۆ ڕووسیا لەڕووی توانایەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمی دارایی جیهاندا."

حکومەتی بەڕیتانیا دەڵێت ساڵی ڕابردوو ڕووسیا 15.45 ملیار دۆلاری لە هەناردەکردنی زێڕدا دەست کەوتووە، دەوڵەمەندەکانی ڕووسیاش بە بەهای ملیاران دۆلار زێڕییان کڕیوە تاوەکو لە کاریگەرییەکانی سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا کەم بکەنەوە.

پێشبینی دەکرێت وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە کۆبوونەوەکەیاندا بەرەیەکی یەکگرتوو پیشان بدەن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیادا تاوەکو ئەو کاتەی پێویست دەبێت، هەروەها فشارەکانی سەر کرێملن زیاتر بکەن.

بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا وتی " پەیامی سەرەکی کۆمەڵەی حەوت یەکگرتوویی و هاریکاری دەبێت لە کارەکاندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG