Accessibility links

سەرۆکایەتی فەڕەنسا: سەربازێکی فەڕەنسی لە ئەرکێکدا لە مالی کوژرا


سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی سەربازەکە لەمیانەی ئەرکێکدا دژ بە گروپە چەکدارییەکانی ئەو وڵاتە کوژراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

کوژرانی ئەم سەربازە سێ ڕۆژ دوای گیان لەدەستدانی سەربازێکی دیکەی هەمان یەکە دێت کە دوای ئەوەی لە تەقینەوەیەکدا لە مالی بە سەختی برینداربوو، لە نەخۆشخانەیەکی نزیک پاریس گیانی لەدەستدا.

فەڕەنسا 5,100 سەربازی لە مالی و ناوچەی ساحیل هەیە، لە ساڵی 2013 دا بەشداریکرد لە ئەرکەکان بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی توندڕەوان بۆ باماکۆی پایتەختی مالی، بەڵام ڕەوشی ئاسایشی وڵاتەکە خراپتر بوو.

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەردا لە مالی 13 سەربازی فەڕەنسی کوژران. ئەوەش لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ژمارەی کوژراو بووە لە یەک ڕووداودا لەنێو هێزەکانی فەڕەنسادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG