Accessibility links

کەشتییەکی جەنگی فەڕەنسی لە دەرەوەی کەناری میسڕ چارەسەر بۆ بریندارەکانی غەززە دەکات


کاپتنی کەشتییەکی جەنگی فەڕەنسا دەڵێت نزیکەی 1000 بریندار لە غەززەوە لە نەخۆشخانەیەکی کاتی فەڕەنسی لەسەر کەشتییەکە لە دەرەوەی کەناری میسڕ چارەسەرییان بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا کە ژێرخانی تەندروستی لە غەززە وێران بووە.

کەشتی فڕۆکە هەڵگری فەڕەنسی دیکسمود لە بەندەری ئەل عەریشی میسڕ لەنگەری گرتووە کە دەکەوێتە 50 کم لە ڕۆژئاوای کەرتی غەززەوە. لە مانگی یانزەوە کەشتییەکە نەخۆشخانەیەکی لەسەر دروستکراوە بە پێداویستی نەشتەرگەری و 70 کارمەندی تەندروستییەوە.

کاپتن ئالیکساندەر بلۆنک وتی نزیکەی 120 بریندار لە نەخۆشخانەکەی سەر کەشتییەکەن، هاوکات سەدان کەسی دیکە چارەسەرییان وەرگرتووە، وتی " ئەمە ئەرکێکی بێپێشینەیە."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت بەهۆی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، هاووڵاتییانی غەززە کۆششییان کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری تەندروستی لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا کە دەیان هەزاران کەس بریندار بوون، زۆربەی نەخۆشخانەکانی غەززە لە کۆی هەر 36 نەخۆشخانەکەی لە ئێستادا کارناکەن، ئەوانەش کە ماونەتەوە زۆر لە سەروو توانای خۆیانەوە کاردەکەن.

ئیسڕائیل بۆردومانی گەورەترین نەخۆشخانەکانی غەززەی کردووە، دەڵێت چەکدارانی حەماس لەو نەخۆشخانانەدا کاردەکەن. حەماسیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

ئەوانەی ئەوەندە شانسییان هەبووە بگەنە میسڕ، وەکو ئەحمەد ئەبو دەقەی تەمەن 16 ساڵ، کە لە 1 ی مانگی یانزەدا بریندار بوو، دەبوو چاوەڕوانییەکی زۆر بکات بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت.

ئەحمەد وتی " پزیشکەکان لە غەززە پارچەکەیان لە لەشم دەرکرد، بەڵام مانگێک دوای ئەوەی پارچەی زیاترییان لە ئەژنۆمدا دۆزییەوە. پێیان وتم دەبێت دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەین چونکە نەشتەرگەری زۆرییان لەبەردەستدا بووە لە وکاتەدا."

وتی پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بپەڕمەوە بۆ میسڕ، " هەوڵێکی زۆرمدا بۆ ئەوەی بگوازرێمەوە ".

جێی ئاماژەیە ئیتاڵیاش بە هەمان شێوە لە مانگی دوانزەدا نەخۆشخانەیەکی لەسەر کەشتییەک ڕەوانەی کەناری میسڕ کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG