Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت ئێران چەکی زۆری هەیە لە یەمەن


سەنعا، یەمەن
سەنعا، یەمەن

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا خۆی بەدوورگرت لەوەڵامدانەوەی کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بەوەی کە ئایا پێویستە لەسەر وڵاتەکەی فرۆشتنی چەک بوەستێنێت بە سعودیە و ئیماڕات کە لە یەمەن بەکاردەهێنرێن و وتیشی ئێران چەکی زۆری هەیە لەو وڵاتەدا.

سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکات کە لە ساڵی 2015 دا پێکهێنرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسیەکانی هاوپەیمانی ئێران کە ئێستا زۆربەی باکووری یەمەن و سەنعای پایتەختی وڵاتەکەیان لەژێر دەستدایە، لە جەنگێکدا کە بۆتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و زیاتر لە سێ ملیۆن خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ کردووە.

حکومەتی فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆندا لەلایەن گروپەکانی مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە بەهۆی ئەوەی کە پشتیوانی سعودیە دەکات و ڕێگەی پێدەدات ئەو چەکانەی کە بە سعودیەی دەفرۆشێت بەکاربهێنرێن لە ئەرکە سەربازییەکاندا لە یەمەن.

کاتێک سەبارەت بە هۆکاری بەردەوامبوونی فەڕەنسا لە فرۆشتنی چەک بە سعودیە و ئیماڕات پرسیاری لێکرا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان خۆی بەدوورگرت لە بابەتەکە و وتی کاری سەرەکیمان دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسییە بۆ جەنگی یەمەن.

لۆدغیان لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەماندا وتی " ئێمە بەڕاستی نیگەرانین سەبارەت بە ڕەوشەکەی یەمەن."

وتیشی " ڕاستە چەکی سعودی هەیە، بەڵام باوەڕ دەکەن چەکی ئێرانیش هەیە لەوێ، چەکێکی زۆری ئێرانی."

ئێرانیش ڕەتی دەکاتەوە چەکی دابێت بە حوسییەکانی یەمەن.

جێی ئاماژەیە سعودیە و ئیماڕات یەکێکن لەو وڵاتانەی کە چەکێکی زۆری فەڕەنسی دەکڕن لەوانەش تانک و ئوتومبێلی زریپۆش و تەقەمەنی و تۆپهاوێژ. ئیماڕاتیش فڕۆکەی جەنگی فەڕەنسی دەکڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG