وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان یێڤ لۆدریان وتی جەنگی لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ لەگەڵ کۆریای باکووردا لەوانەیە باشترین ڕێگە نەبێت بۆ چارەسەرکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور و داوای لە سەرۆک ترامپ کرد گرنگی بدات بە زیادکردنی فشارە سیاسییەکان لەسەر پیۆنگیانگ.
لێدوانە توندەکانی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ترسی ئەوەیان لێدەکەوێتەوە کە ئەم لێدوانانە ببنە هۆی ڕوودانی کارەساتێک کە گەڕانەوە لێی نەبێت بەتایبەتی دوای شەشەمین و بەهێزترین تاقیکردنەوەی ناوەکیی کۆریای باکوور.
لۆدریان وتی " شێوازی مامەڵەکردنی ترامپ باشترین شێواز نیە بەڵام لەهەمان کاتدا نابێت بەرپرسیارێتییەکان تێکەڵ بکەین. ئەو وڵاتەی کە ڕێکەونتی ناوەکیی نێودەوڵەتی پێشێلکردووە کۆریای باکوورە. سەرۆک ترامپ بە بەهێزیەوە وەڵامی ئەوە دەداتەوە بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە شێوازێکی تری وەڵامدانەوە هەیە بە بەکارهێنانی فشاری سیاسی و سەپاندنی سزاکان."
لۆدریان جەختی لەسەر پێویستی سەپاندنی زۆرترین سزا و فشارکرد بەسەر کۆریای باکوردا تا ناچاری بکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان. بەڵام هۆشیاریشیدا لە بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی بەشێوەیەک کە بە ئەنقەست نەبێت.
لۆدریان وتی " جیهان لە قۆناغی ترسدا دەژی. دەبینین لێدوانەکان توندتر دەبنەوە و لەوانەیە کارەسات ڕووبدات، پێویستمان بەوەیە دووربکەوینەوە لە ڕوودانی کارەسات."
لەلای خۆشیەوە وەکوو وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ کە وتی بژاردەی سیاسی دژی کۆریای باکوور ڕووخێنەر دەبێت، چین وتی دەبێت بابەتی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و بەکارهێنانی سەربازی نابێت بژاردەیەک بێت.
وتەبێژی وەزارەی دەرەوەی چین لۆ کانگ وڵاتەکەی هەمیشە پشتیوانی لە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی کردووە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا و هەروەها دژی بڵاوکردنەوەی سیستمی دژە موشەک بووە لە نیمچە دوورگەکەدا.
وتیشی لە هەمان کاتدا ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کاربکەین لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیمچە دوورگەی کۆریا و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتیانە دەکەین بۆ بابەتی بەرنامە ناوەکیەکەی کۆریای باکوور لەڕێی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز