Accessibility links

فەڕەنسا پابەندبوونی خۆی بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە دووپات دەکاتەوە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

جارێکی دیکە فەڕەنسا جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکە کردەوە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێرانەوە و وتی دەیەوێت بە وردییەوە جێبەجێی بکات و بەردەوام بێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و ئەمەریکییەکانیدا.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی پاریس نیگەرانە سەبارەت بە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران و چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا.

وەزارەتەکە ئاماژەی بە پشتیوانیکردنی ئێران کردووە لە حوسییەکانی یەمەن بێ ئەوەی ئاماژە بەو ڕۆڵە بکات کە ئێران دەیگێڕێت لە سوریادا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا هیوادارە باوەڕ بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی وەکو بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بهێنێت تاوەکو بە تێپەڕبوونی کات مەرجەکانی بەرنامە ناوەکییەکە باشتر بکەن و لەبەرامبەردا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەسەر ڕێکەوتنەکە دەمێنێتەوە و لەسەر ڕاگرتنی سزاکانی سەر ئێران بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی " هەڵوێستی فەڕەنسا لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران ڕوون و ئاشکرایە. وەکو سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت ئێمە جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆمان دەکەینەوە لەسەر هەموو پلانەکە و کارکردن پێکەوە و هەروەها جێبەجێکردنیشی."

هەروەها وتیشی " بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپیی و ئەمەریکییەکانماندا سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG