Accessibility links

پڕۆژە بڕیاری فەڕەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و غەزە


فەڕەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئوردن و میسڕدا پڕۆژە بڕیارێکیان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە تیایدا داوا دەکەن شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و غەزە ڕابگیرێت، پڕۆژەکە لەلایەن ڕوسیا و چینەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

ئەم پڕۆژە بڕیارەی فەڕەنسا لەکاتێکدا دێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچن بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان، کۆبوونەوەکەش بە بەشداریکردنی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بەڕێوەدەچێت.

ئەو وڵاتانەی ڕایانگەیاندووە لەسەر ئاستی وەزاری بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن هەریەک لە میسڕ و ئوردن و پاکستان و تونس و جەزائیرن.

کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی لەمیانەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی میسڕ عەبدولفەتاح سیسیدا کە دواتر لەڕێی ڤیدیۆوە پاشای ئوردن عەبدوڵای دووەمیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد " سێ وڵاتەکە ڕێکەوتوون لەسەر سێ خاڵی سادە، ئەوانش هەڵدانی موشەک دەبێت بوەستێت و ئێستا کاتی ئاگربەستە و دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش سەرپەرشتی دۆسییەکە بکات."

بەپێی دیبلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، فەڕەنسا لەمیانەی کۆبوونەوەی چوارەمی ئەنجومەنەکەدا باسی لەم پڕۆژە بڕیارە کردووە.

بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە وتوویانە هێشتا ڕەشنووسی پڕۆژە بڕیارەکەیان بەدەست نەگەیشتووە کە " کورت و پوخت " دەبێت.

لە ڕەشنووسەکەدا داواکراوە " کردەوە دوژمنکارییەکان ڕابگیرێن و ڕێگە بدرێت یارمەتیە مرۆییەکان بگەنە دەستی ئەوانەی کە پێویستیانە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کەی فەڕەنسا پێشنیاری دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی دەکات، دیبلۆماتکارێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " باشترە ئەوە بەزووترین کات بکرێت."

ماوەی چەند ڕۆژێکە فەڕەنسا داوای ئەوە دەکات بەزووترین کات شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان ڕابگیرێت، هەروەها وتیشی پشتیوانی لە نێوەندگرییەکان دەکات کە میسڕ ڕابەرایەتیان دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG