Accessibility links

فەڕەنسا ڕووسیا بە تۆمەتی بەکارهێنانی وزە وەکو " چەکێکی جەنگ " تۆمەتبار دەکات


فەڕەنسا ڕووسیا بە تۆمەتی بەکارهێنانی وزە وەکو " چەکێکی جەنگ " تۆمەتبار دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیا هەناردەکردنی وزەی بۆ کڕیارێکی سەرەکی فەڕەنسی بڕی و وتی هێڵی سەرەکی گواستنەوەی گازەکەی بۆ ئەڵمانیا لەم هەفتەیەدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دادەخات.

حکومەتەکانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن پێش هاتنی وەرزی زستان هەماهەنگی بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و پڕکردنەوەی کۆگاکانیاندا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن ڕووسیا بە مەبەست نرخەکانی گاز زیاتر دەکات تاوەکو پێگەیان لاواز بکات بەرامبەر داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش ئەم تاکتیکەی بە " تیرۆری ئابووری " ناوبرد. مۆسکۆش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 1 هێڵی سەرەکی گواستنەوەی گازی ڕووسیایە بۆ ئەوروپا، لەم هەفتەیەشدا ئەوروپا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی وەرگرتنی گاز دەبێتەوە لەکاتێکدا گازپڕۆمی ڕووسیا لە ڕۆژی چوارشەممەوە تاوەکو ڕۆژی شەممە هێڵەکە بەمەبەستی چاککردنەوە دادەخات.

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ گوتی کێشە تەکنەلۆجیاییەکان کە بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە بۆ سەر ڕووسیا دروست بوون، تەنها شتن بوونەتە کۆسپ لەبەردەم گواستنەوەی گاز لەڕێی نۆرد ستریم 1 ەوە.

بەڵام وەزیری گواستنەوەی وزەی فەڕەنسا ئاگنێس پانیێر ڕوناچار گوتی " زۆر ئاشکرایە ڕووسیا گاز وەکو چەکێکی جەنگ بەکاردەهێنێت و ئێمەش دەبێت ئامادە بین بۆ خراپترین سیناریۆ، کە ئەوەش تێکچوونی تەواوەتی دابینکردنی پێویستییەکانە."

گوتیشی لە ڕۆژی سێشەممەوە فەڕەنسا گازی کەمتر لە ڕووسیاوە وەردەگرێت، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکی نادیاریکراوەوە لە گرێبەستەکەدا.

پێسکۆڤ کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا گازپرۆم دەست دەکاتەوە بە هەناردەکردنی گاز لەڕێی نۆرد ستریم 1 ەوە، وتی " گرەنتی هەیە، جگە لەو کێشە تەکنەلۆجیایانەی کە بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە دروست بوون، هیچ شتێکی دیکە کۆسپ ناخاتە بەردەم دابینکردنی پێویستییەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG