Accessibility links

فەڕەنسا: ڕێکخراوی داعش هێشتا ماوە و هێزەکانی فەڕەنسا لە سوریا دەمێننەوە


بەرپرسانی فەڕەنسا وتیان لە ئێستادا فەڕەنسا هێزەکانی لە باکووری سوریا دە‌هێڵێتەوە بەهۆی ئەوەوە کە ڕێکخراوی داعش هێشتا بەتەواوەتی تێک نەشکاوە. هەروەها وتیشیان دەستیان کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە خشتەی کاتی کشانەوەکە و چۆنێتی جێبەجێکردنی.

جێی ئاماژەیە فەڕەنسا ئەندامێکی گرنگە لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا و نزیکەی هەزار سەربازیی هەیە لە باکووری سوریا لەپاڵ هێزە کوردی و عەرەبییەکاندا و هێرشی ئاسمانی دژی ڕێکخراوی داعش ئەنجام دەدەن.

سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هاوپەیمانی ئەمەریکاشن لە ناوچەکەدا ڕۆژی هەینی دەگەنە پاریس بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسیدا سەبارەت بە هەنگاوی نوێ.

سەرچاوەکە وتیشی " سەرۆک ترامپ خەرجییەکان کەم دەکاتەوە و سەرکێشی ڕوودانی شتێکی زۆر مەترسیدار دەکات. بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانێتیەکە ئەمەریکایە."

سەرچاوەکە وتیشی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێشتر بە بڕیارەکەی زانیوە و هەوڵیداوە سەرۆک ترامپ ڕازی بکات کە لە سوریا نەکشێتەوە وەکو چۆن لە مانگی چواردا ڕازیکرد لە سوریادا بمێنێتەوە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا.

دیبلۆماتکارانی فەرەنسی وتیان بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشاندنەوەی هەموو هێزەکانی ئەمەریکا کە ژمارەیان 2000 سەربازە بڕیارێکی لەناکاو بوو بۆ فەرەنسا.

نوێنەری فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان فرانسوا دیلاتەر لە میانەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە سوریا وتی هەڵسەنگاندنی پاریس ئەوەیە کە ڕێکخراوی داعش هێشتا هەڕەشەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وتیشی " فەڕەنسا لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا زۆر بەوردی کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات."

هەروەها وتی " زۆر گرنگە ئەمەریکا پاراستنی خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و سەقامگیری ئەم ناوچەیە لەبەرچاو بگرێت بۆ خۆ بەدوورگرتن لە هەر کارەساتێکی مرۆیی یاخوود گەڕانەوە بۆ تیرۆر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG