سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا ئەنجامدا و تیایدا پیرۆزبایی لە پوتن کرد بەهۆی سەرکەوتنەکەیەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕوسیادا و هیوای سەرکەوتنی بۆ ڕوسیا و گەلەکەی خواست.
کۆشکی ئیلیزییە لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاند " بە ناوی فەڕەنساوە، سەرۆکی فەڕەنسا هیوای سەرکەوتنی بۆ ڕوسیا و گەلەکەی خواست لە بواری سیاسەت و دیموکراسیەت و دارایی و کۆمەڵایەتیدا."
لە هەمان پەیوەندیی تەلەفونیدا ماکرۆن دووبارە جەختی لە ترسەکانی کردەوە سەبارەت بە ڕەوشی سوریا کە هێزەکانی ڕوسیا پشتیوانی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەکەن و داوای لە ڕوسیا کرد هەموو هەوڵەکانی بدات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و وەستاندنی کوژرانی هاوڵاتییە مەدەنییەکان.
هەروەها داوای لە بەرپرسانی ڕوسیا کرد ڕوونکردنەوە بدەن سەبارەت بە ڕۆڵی ڕوسیا لە ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە شاری ساڵزبری لە بەڕیتانیا و هەروەها ئاشکرا کردنی هەر بەرنامەیەکی چەک کە تا ئێستا ئاشکرای نەکردووە بۆ دەزگای قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەوە کردۆتەوە کە کەی ئەم شتانە ڕوون دەکرێنەوە، چونکە هاریکاریی نێوان ئەوروپا و ڕوسیا گرنگ دەبێت بۆ ئاسایشی کیشوەری ئەوروپا و لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز