Accessibility links

فەڕەنسا و ڕوسیا داوا لە ئێران دەکەن هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لە دۆسیەی ناوەکیدا


کارخانەی ناوەکی ئاراک، ئێران

فەڕەنسا و ڕوسیا داوایان لە ئێران کرد هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لە دۆسیەی ناوەکیدا، ئەمەش دوای ئەوەی دەزگای وزەی ئەتۆمی جیهان لە ڕاپۆرتێکدا دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کانزایی لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاست کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەپێناو پاراستنی هەوڵە سیاسیەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، داوا لە ئێران دەکەین خۆی بەدووربگرێت لە هەر ڕێوشوێنێکی نوێ کە ببێتەهۆی ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە."

لەلای خۆشیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤ بە دەزگای هەواڵی ڕیا نۆڤۆستی وت " ئێمە لە هۆکار و ئەو ڕێوشوێنانە تێدەگەین کە ئێران ناچار دەکات ئەو کارانە بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێویستە دان بەخۆیاندا بگرن و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن."

دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، هیواکان بۆ گەڕانەوەی گفتوگۆی سیاسیی لەگەڵ ئێران دووبارە زیندووبوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ " سیاسەتی توندترین فشاری " بەرامبەر ئێران پەیڕەو دەکرد.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەکەیدا وتی وڵاتەکە " پێشوازی لە ئارەزووی بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر نزیکبوونەوەی سیاسیی سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران."

هەروەها ڕیابکۆڤ داوای لە ئەمەریکا کرد " سزاکانی سەر ئێران لاببات و بەبێ هۆکار کارەکان دوانەخات."

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا ئێران دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کانزایی، ئەوەشی خستەڕوو " لە 8 ی مانگی دوودا لێکۆڵینەوە کراوە لەسەر بوونی 3,6 گرام لە یۆرانیۆمی کانزایی لە کارخانەی ئەسفەهان."

ئەم بابەتەش هەستیارە بەهۆی ئەوەی کە یۆرانیۆمی کانزایی لە چوارچێوەی دروستکردنی چەکی ناوەکیدا بەکاردەهێندرێت.

ڕۆژی چوارشەممە هەریەک لە فەڕەنسا و ڕوسیا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە بابەتەکە دەربڕی، لەکاتێکدا بەرپرسێکی ڕوسی وتی " ئەمە شتێکی باش نیە." فەڕەنساش وتی " ڕەوشەکە جێی نیگەرانییە لە کاتێکدا ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکەی ڤییەنا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG