Accessibility links

فەڕەنسا داوا دەکات بەخێرایی سزاکانی سەر هاوڵاتیانی قەتەڕ لاببرێن


فەڕەنسا داوای کرد بەخێرایی سزاکانی سەر هاوڵاتیانی قەتەڕ لاببرێن ئەوەش لەمیانەی هەوڵەکاندا بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکەی کەنداوی عەرەبی کە ماوەی مانگێکە ناکۆکییەکان بەردەوامە لەنێوان قەتەڕ و چوار وڵاتە عەرەبییەکەدا.

سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسڕ لە پێنجی مانگی پێنجدا سزاکانیان سەپاند بەسەر قەتەڕدا و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و ئێران تۆمەتباریان کرد، قەتەڕیش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان ێڤ لۆدریان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دوای ئەوەی چاوی بە هاوتا قەتەڕییەکەی شێخ محەمەد بن عەبدوڵڕەحمانی دووەم کەوت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " فەڕەنسا داوا دەکات بەزووترین کات سزاکانی سەر هاوڵاتیانی قەتەڕ لاببرێن کە کاریگەریی هەیە لەسەریان."

دواتر هەر لەڕۆژی شەممەدا لۆدریان بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و لەوێش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی عادل جوبەیر دووبارە نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەریی ناکۆکییەکان.

جوبەیر وتی هەر بڕیارێک پەیوەندیی هەبێت بە ناکۆکییەکانەوە دەبێت لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداودا بێت کە لە شەش وڵات پێکهاتووە.

وتیشی " هیوادارین ئەم ناکۆکییانە لە ماڵی کەنداودا چارەسەر بکەین و هیوادارین براکانمان لە قەتەڕ وەڵامی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەڵەتیش بدەنەوە نەک تەنها چوار وڵاتەکە."

جوبەیر دووبارەی کردەوە و وتی " قەتەڕ دەبێت پشتیوانی لە تیرۆر و توندڕەویی نەکات و هەروەها لەڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ڕق بڵاونەکاتەوە و دەبێت میوانداری خەڵکانێکی تیرۆریست و داواکراو لە وڵاتەکانیانەوە نەکات و دەست نەخاتە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەوە."

وابڕیارە لۆدریان سەردانی ئیمارات و کوەیت بکات کە وەکوو نێوەندگیرێک ڕەفتار دەکات.

سەردانەکەی لۆدریان دوای سەردانەکانی هێزەکانی جیهان دێت لەوانەش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی ناوچەکەی کرد و بە هەمان شێوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیدا.

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا کاربەدەستانی بەریتانیا و ئەڵمانیاش سەردانی ناوچەکەیان کردووە بە مەبەستی هێورکردنەوەی ڕەوشەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG