Accessibility links

ئوتومبێلێک لەنزیک پاریس خۆی دەکێشێت بە ڕێستۆرانتێکدا


وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند لە شارۆچکەی سب سوری ڕۆژهەڵاتی پاریس ئوتومبێلێک خۆی کێشاوە بە ڕێستۆرانتێکی پیزادا و لە ئەنجامدا کچێکی تەمەن 12 ساڵ گیانی لەدەستداوە و کۆمەڵێکی تر برینداربوون.

وتەبێژەکە وتیشی پۆلیس شۆفێری ئوتومبێلەکەی دەستگیرکردووە و بەڵگە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕووداوەکە کارێکی تیرۆریستی نەبووە.

پیێر هێنری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا بە تەلەفیزیۆنی بی ئێف ئێمی وت " ناتوانم پێت بڵێم ئەگەری تیرۆرمان لابردووە بەڵام لەم کاتەدا لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە کارێکی تیرۆریستی نەبووە. بەڵگە سەرەتاییەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕووداوەکە کارێکی تیرۆریستی نەبووە."

پیاوانی پۆلیس چواردەوری شوێنی ڕووداوەکەیان گرتووە و داوایان لە خەڵکەکە کردووە نەبنە بەربەست لەبەردەم کارەکانیاندا.

ئەم ڕووداوە دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە هەفتەیەک ڕوویدا لە دەستگیرکردنی پیاوێکی جەزائیری کە گومانی ئەوەی لێدەکرا بە ئوتومبێلەکەی خۆی کێشابێت بە کۆمەڵێک سەربازدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی پاریس کە بووە هۆی برینداربوونی شەش لە سەربازەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG